نوچەنێت
ئەمڕۆ دووشەممە، لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەداخەوە دادگای فیدراڵی تاکلایەنە بڕیارەکەیان داوە”ئەگەر بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەیانەوێت عێراق سەقامگیربێت، دەبێت عێراق زۆر جددی و زۆر بە پەرۆش بێت لە جێبەجێکردنی دەستور، دەستور بۆ ئێمە یەک پاکێجە و لە ماددەی یەکەمەوە تا کۆتایی دەبێت هەمووی بەیەکەوە جێبەجێبکرێت”.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی گشتپرسی وەڵامی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی دایەوە و رایگەیاند “ئەگەر بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەیانەوێت عێراق سەقامگیربێت، دەبێت عێراق زۆر جددی و زۆر بە پەرۆش بێت لە جێبەجێکردنی دەستور”.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەخت لە جێبەجێکردنی دەستور دەکاتەوە”دەستور بۆ ئێمە یەک پاکێجە و لە ماددەی یەکەمەوە تا کۆتایی، دەبێت هەمووی بەیەکەوە جێبەجێبکرێت، ناکرێت تەنیا ئەو ماددانە جێبەجێ بکەن، کە خۆیان دەیانەوێت، ئێمە پێمانوایە ئەگەر دەستور وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، هیچ کێشەیەک لەم وڵاتە نامێنێت، تەنانەت ئەگەر دەستور جێبەجێکرابایە پێویستی بە ئەنجامدانی گشتپرسی نەدەکرد”.
نێچیرڤان بارزانی، لە بارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقەوە گوتی “بڕیاری دادگای فیدراڵی، کۆتاییە و هەڵناوەشێتەوە، بەداخەوە ئەوان تاکلایەنە بڕیارەکەیان داوە”.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ،بارزانی گوتی، بە دڵنیاییەوە کورد زوو یان درەنگ بە مافەکانی خۆی دەگات.