تایبه‌ت: نوچه‌نێت
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌رله‌مانی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته و پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ له هه‌رێمی كوردستان له‌م كاته‌دا ئه‌سته‌مه. ده‌شڵێت “ئێستا كورد له په‌رته‌وازه‌ی دایه و حكومه‌تی عێراق مه‌رجی زاڵمانه به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان ده‌سه‌پێنێت”.
په‌رله‌مانی كوردستان له ڕۆژی 27/10/2017، له دانیشتنێكی ئاسایی خۆییدا، بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی بۆ دوو خولی یاسادانان ده‌ركرد و هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌ریمی كوردستانی بۆ ماوه‌ی 8 مانگ دواخست.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، دلێر ماوه‌تی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به قسه‌ی یه‌كێتی بۆ پیكهینانی حكومه‌تێكی نوێ له كوردستان رایگه‌یاند: تا ئیستا وه‌ك فراكسیۆن به فه‌رمی تاوتوێی ئه‌م بابه‌ته‌مان نه‌كردووه، به‌لام بۆچونمان وایه پێویسته هه‌مووان هه‌تا كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان، پشتگیری ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئیستای هه‌رێم بكه‌ین، چونكه حكومه‌ته‌كه خۆی ماوه‌یه‌كی كه‌می ماوه. ده‌شڵێت “دروستكردنی حكومه‌تی نوێ له كوردستان ئه‌سته‌مه”.
ناوبراو ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، له ئێستادا كورد له په‌رته‌وازه‌ی دایه و حكومه‌تی عێراق مه‌رجی زاڵمانه به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان ده‌سه‌پێنێت، بۆیه پێویسته سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان یه‌كده‌نگ بین بۆ ئه‌وه‌ی مافه نەته‌وه‌یه‌كانمان بپارێزین و كاربكه‌ین بۆ دابینكردنی موچه و ژیانی خه‌ڵكی هه‌رێم.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات و دەڵێ، لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان له هه‌وڵی هه‌موواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كاندان و كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له كاتی خۆیدا و كۆمسیۆنیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته راده‌سپێردرێت.