نوچە-رۆیتەرز
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل، لەلێدوانێکدا پەردە لە سەر پەیوەندییە ژێربەژێرەکانی وڵاتەکەی و سعودیە هەڵدەداتەوە.
بە پێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، یوفاڵ شتانیتێنس، وەزیری وزەی ئیسرائیل لە وتووێژ لە گەڵ رادیۆی سوپای ئەم وڵاتە، دەڵێت، ئیسرائیل و سعودیە لە بارەی ئێرانەوە نیگەرانی هاوبەشیان هەیە و لەم پەیوەندیەدا، پەیوەندی شاراوە و ژێربەژێریان هەیە.
ئەم بەرپرسەی باڵای ئیسرائیل، لە بارەی شاردنەوەی جۆری پەیوەندییەکانیان لە گەڵ سعودیە و وڵاتانی عەرەبی گوتی، لە گەڵ وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لە پەیوەندیداین، بەشێک لە پەیوەندییەکانمان نهێنێیە ولێی شەرمەزار نین.
لە درێژەی لێدوانەکەی، وەزیری وزەی ئیسرائیل راشیگەیاندووە، جاری وایە لایەنی بەرامبەر دەیهەوێ پەیوەندییەکانمان بە شاراوەیی بمێنێتەوە. ئێمە لەم بارەو ەهیچ کێشەیەکمان نییە و رێز بۆ ویستی بەرامبەر دادەنێین.
ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ئاستی بەرزدا پەیوەندیان لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی هەیە، بەڵام بە نهێنێ ماوەتەوە. تا ئێستا سعودیە بەرامبەر بەم لێدوانانە، هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.