بەرپرسێکی حەشدی شەعبی، دەستدرێژی دەکاتە سەر کچێک

0

نوچەنێت-روداو

زۆربەی هێزەكانی حەشدی شەعبی، كە مانگێك لەمەوبەر هاتنە ناوچەكانی زوممار و رەبیعە، كشانەوە، بەڵام شوێنپەنجەی چەندین تاوانیان لەدوای خۆیان جێهێشت. كچێكی دانیشتووی زوممار چیرۆكی هاوڕێیەكی باس دەكات كە لەلایەن بەرپرسێكی حەشدی شەعبییەوە دەستدرێژی كراوەتە سەر. بەرپرسێكی پارتیش لە زوممار دەڵێت لەو ماوەیەدا حەوت كەس كوژراون و 15 ماڵیش تاڵانكراون.

كچێكی عەرەبی دانیشتووی زوممار كە ئەو كاتەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هاتوون لەنێو شارۆچكەكە ماوەتەوە، دەڵێ “سەرەتا پەیوەندییان بە خەڵكەوە نەبوو، چونكە بە شەڕی پێشمەرگەوە مەشغوڵ بوون، بەڵام دواتر كە شەڕەكە راوەستا، ئیدی دەستیان بە پشكنینی ماڵەكان كرد و زێڕ و پارەی خەڵكیان دەبرد”.

ئەو كچە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، چەند جارێك گوێی لەوە بووە كە دەستدرێژی كراوەتە سەر ئافرەتان، بەڵام باوەڕی نەكردووە تا ئەوكاتەی گوێی لە بەسەرهاتی هاوڕێكەی گرتووە. ئەو كچە گوتی “هاوڕێكەم بۆی گێڕامەوە، كاژێر یەكی شەو بوو، سێ‌ چەكداری حەشدی شەعبی هاتنە ماڵمان، سەرەتا ماڵەكەیان پشكنی، دواتر دەستی باوك و براكانمیان بەست و بردیانن بۆ نێو ئۆتۆمبێل، دوای پێنچ خولەك دوو چەكدار گەڕانەوە و داوایان لێكردم لەگەڵیان بچم، گوایە لێكۆڵینەوەم لەگەڵ دەكەن. دایكم زۆر هاواری كرد، بەڵام ئەوان گوێیان پێنەدا”.

ئەو كچە كە عەرەبی سوننەی زوممارە و تەمەنی 23 ساڵە، بۆ هاوڕێكەی گێڕاوەتەوە “منیان بردە نێو خانوویەك لەوێ‌ بە زۆر دەستدرێژییان كردە سەرم، پاشان كاژێر چواری بەیانی منیان گەڕاندەوە ماڵەوە و هەڕەشەیان لێكردم لەلای هەر كەسێك باسی بكەم باوك و براكانم دەكوژن”.

ناحیەی زومماری سەر بە قەزای تەلعەفەر، زۆربەی دانیشتووانەكەی كوردن، چەند گوندێكیشی عەرەبنشینن. لە 17 مانگی رابردوو چەكدارانی حەشدی شەعبی بەبێ‌ هیچ بەرگرییەك چوونە نێو ناحیەكە. بەهۆیەوە نزیكەی 90%ی دانیشتووانی ناحیەكە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون.

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زوممار كە ئێستا ئەویش لە ناوچەكانی نزیك زوممار ئاوارەیە، بەڵام ئاگاداری رەوشی نێو زوممارە، بە (رووداو)ی گوت: “رۆژانە سكاڵای دەستدرێژیمان بۆ سەر خەڵكی ناو زوممار پێدەگات، جگە لەوە هەتا ئێستا حەوت دانیشتووی زوممار كە هەموویان عەرەبی سوننەن لەلایەن حەشدی شەعبییەوە كوژراون”.

ئەو بەرپرسەی پارتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، لەبارەی ژمارەی ئەو ماڵانەی كە لە ناحیەكە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە تاڵانكراون گوتی: “هەتا ئێستا 15 ماڵ تاڵانكراون، زێڕ و پارەی ئەو ماڵانەیان بە زۆر بردووە، 11 لەو ماڵانە عەرەبی سوننەن و چواریشیان كوردن”.

نەوفەل حەمادی، كە سەرەتای ئەم مانگە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاری نەینەوا لەسەر كار لادرا، بەڵام ئەو هێشتا خۆی بە پارێزگاری نەینەوا دەزانێ‌، گوتی “ئێمە ئاگاداری هیچ تاوانێكی حەشدی شەعبی نین، رەوشی پارێزگای نەینەوا لەڕووی ئەمنییەوە باشە”.

دوای مانەوەی زیاتر لە مانگێك، لە دوو رۆژی رابردوودا زۆربەی چەكدارانی داعش لە ناحیەی رەبیعە و زوممار كشانەوە. بەرپرسەكەی پارتی دەڵێت “ئەوان بە خەڵكی ناوچەكەیان گوتووە ئەركی ئێمە تەواو بووە و پێشمەرگە دێنە شوێنی ئێمە”.

فەریق جەمال ئێمنكی، سوپاسالاری پێشمەرگە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بە (رووداو)ی گوت “ئاگامان لە كشانەوەی بەشێك لە هێزی حەشدی شەعبی هەیە لە زوممار و رەبیعە، بەڵام هێشتا هۆكارەكەی نازانین،  هیچ رێكەوتنێكیش نەكراوە كە ئێمە دەچینە زوممار”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com