نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایدەگەیەنێت، پەیمانگەى بەناو (کوردمارت) لەشارى هەولێر باوەڕپێکراو نییە و داواى داخستنى نوسینگەى پەیمانگەکەمان لەلایەنى پەیوەندار کردووە.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند “کەسانێک بەناوى پەیمانگەى (کوردمارت) ریکلام بۆ وەرگرتنى خوێندکاران/ قوتابیانى دەرچووانى پۆلى دوانزە بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) دەکەن، لێرەوە بەسەرجەم خوێندکاران و دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى رادەگەیەنین، کە ئەم پەیمانگەیە باوەڕپێکراو نییە و لەپڕۆسەى دڵنیاى جۆرى و متمانەبەخشینى وەزارەتەکەماندا رەتکراوەتەوە”.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو پەیمانگایە هیچ مۆڵەتێکى یاسایى نییە. هەروەها داواش لە دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى دەکەین، خۆیان بەدوور بگرن لە تۆمارکردنى ناویان لەم پەیمانگەیەدا و، پارە و ماوەى خۆیان بەهەدەر نەدەن.
عەباس ئەکرەم دەشڵێت “بەنوسراوى فەرمی ژمارە (١٦٥٣٥) لە رێکەوتى (١٩/١١/٢٠١٧) وەزارەتەکەمان داواى لە پارێزگاى هەولێر کردووە نوسینگەی پەیمانگەکە کە تۆمارى خوێندکاران/قوتابیانى تێدا دەکرێت دابخرێت و، رێککارى یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر، چونکە ئەو جۆرە کار و رەفتارانە دەچێتە خانەى فێڵکردن لە خەڵک”.
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیگەیاند “وەزارەت لەداهاتو لە دادگا رێشوێنى یاسایى بەرامبەر بەخاوەندارییەتى پەیمانگەکە دەگرێتەبەر و سکاڵایان لە دژ تۆمار دەکات”.