نوچەنێت:تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی کورد، لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەوانەی لەپشت داواکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوكن، بەرنامە و ئەجیندای سیاسی خۆیان هەیە و هەڵوەشاندوەی مەترسی بۆ کەرکوك و پێگەی کورد، لەو پارێزگایە دەبێت.
لەدوای روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکەوە، ئیمزا کۆکراوەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، لەرێگەی پەرلەمانی عێراقەوە. لەدانیشتنی ئەمڕۆ یەك شەممە ١٩-١١-٢٠١٧، ئەو پەرلەمانتارانە هەوڵیاندا گفتوگۆی لەسەربکرێت، بەڵام لەلایەن ئەندام پەرلەمانەکوردەکانەوە و لەڕێگەی بەکارهێنانی ڤیتۆوە، ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رێگەی نەدرا لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەسەر پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بکرێت.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، محەمەد عوسمان ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك لەلایەن ژمارە یەك پەرلەمانتار رایگەیاند”ئەوانەی لەپشتی ئەم داواکاریەوەن، دیارە کۆمەڵێک بەرنامە و ئەجینداتی سیاسی خۆیان هەیە و دەیانەوێت بەئاراستەیەکدا بیبەن، بۆئەوەی ئەنجومەنەکە هەڵبوەشێتەوە و کۆتایی پێبێت، ئەوان نایانەوێت بڕیارەکان لەدەستی کوردبێت، دەیانەوێت لیستی برایەتی، کەزۆرینەیە لەناو ئەنجومەنەکە هەڵبوەشێتەوە”.
محەمەد عوسمان ئاماژەبەوە دەکات، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکە، بەگشتی مەترسی بۆ کەرکوك و بەتایبەت بۆ پێگەی کورد لەو پارێزگایە دەبێت و بۆشایی یاسایی دروست دەبێت، هەروەها ئەوکێشانەی لەنێو لایەنە کوردییەکاندا هەیە پێوستە لە ئەنجومەنەوە چارەسەربکرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە بەشێکی پەیوەندی بەکورد خۆیەوەیەتی و دەڵیت”ئەنجومەنەکە، کەم تەرخەمە لە کارەکانی و کۆبوونەوەکانی ئەنجام نادات، ئەمەش پاساوی داوەتە حکومەتی عێراق بۆئەوەی بیر لەهەڵوەشاندنەوەی بکاتەوە”.