نوچەنێت
باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لەعیراق، وێڕای گەیاندنی پرسەو سەرەخۆشی شاژن ئەلیزابێتی دووەم بۆ كەسوكاری قوربانیانی بومەلەرزەكەی هەفتەی رابردووی هەرێم ، ئامادەیی وڵاتەكەشی دەربڕی بۆ ناردنی هاوكاریی مرۆیی.
رۆژی یەكشەممە ١٩-١١-٢٠١٧، بەبۆنەی دەستبەكاربونی وەك باڵیۆزی نوێی وڵاتەكەی لە عیراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیان لە جۆن ویڵكس، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عیراق، کرد.
ویڵكس، خۆشحاڵی خۆی بە سەردان و پێشكەوتنە بەردەوامەكانی هەرێمی كوردستان، دەربڕی و ئاماژەی بەوە كرد كە ویستویەتی لە سەرەتای دەستبەكاربونی، سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ حكومەت و سەركردایەتی سیاسیی هەرێمی كوردستان كۆبێتەوە.
هەروەها دەستخۆشی لە هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كردوە، كە بەرامبەر بە روداو و گرژییەكانی ئەم دواییە لەگەڵ بەغدا هەوڵیداوە گرژییەكان كەمبكرێنەوەو كەشێكی ئارام، بۆ گفتوگۆ دروستبكرێت. دوپاتیشیكردۆتەوە، کە وڵاتەكەی بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لەپێناو دەستپێكردنی دیالۆگێكی جددی هەولێرو بەغداو چارەسەركردنی كێشەكانیان ئامادەیە.
سەبارەت بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا رایگەیاندوە، لە رووی سەربازییەوە شكستیهێناوە، بەڵام هزری داعش هێشتا هەر ماوە بۆ بەرەنگاربونەوەیشی دەبێت زیاتر لە جاران لە هەموو رویەكەوە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا، پەرەیان پێبدرێت.
لەلای خۆیەوە وێڕای پیرۆزبایی، نێچیرڤان بارزانی، هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عیراق، خواستوەو هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كار و چالاكییەكان و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا، دوپاتكردۆتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا ئاماژەی بەوە كردوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە خوازیاری گفتوگۆیەكی جددی و دوور لە توندوتیژی بوە، بە پێویستیشی زانیوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، رۆڵی خۆی لە رەخساندنی زەمینەی دیالۆگ لەنێوان هەردوولادا، بگێڕێت.