نوچەنێت
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە دۆخی ئەو ناوچانە خراپ بووە، ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکرێت خەڵکی ئەو ناوچەیە کۆچ دەکەن و مەترسییەکان زیاتر دەبن.
ناوچەکێشەلەسەرەکان بەردەوام لە نێوان هەر دوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە لە دەستووری عێراقی بە ماددەی 140 ناسراوە، بووتە گرفتێکی جددی و خەڵکی ئەو ناوچانە زۆرینەکوردە باجەکەی دەدەن، لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2018 حکومەتی عێراق هیچ بودجەیەکی بۆ دیاری نەکردووە، بەگوتەی شارەزایان ئەگەر بەوشێوەیە عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچانە دا بکات، ئەوا مەترسییەکی گەورە لەسەر دیموگرافیای ناوچەکە دروست دەبێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شوان شێخ ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دۆخی ئەو ناوچە کێشەلەسەرەکان رایگەیاند: بەهۆی رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە دۆخی ئەو ناوچانە خراپ بووە، ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکرێت خەڵکی ئەو ناوچەیە کۆچ دەکەن، کە ئەمەش لە رووی دیموگرافیاوە مەترسی دەکەوێتەسەر. پێویستە لە رێگەی دانوستان لە بەغدا کێسەکان چارەسەر بکرێت.
شوان شێخ ئەحمەد لەبارەی دیاری نەکردنی بودجە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە شوان شێخ ئەحمەد دەڵێت “لە دەسەڵاتی لیژنەکەی ئێمەدا نییە و دەبێت لە رێگەی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت “لیژنەکە لە خولی چواری پەرلەمانی کوردستان دروستکراوە و ئەویش دوای دوو ساڵ لە دەستپێکردنی کاری ئەم خولەی پەرلەمان چەندین سەردانی مەیدانیمان کردووە بۆ هەموو ئەو ناوچانە کردووە و بە راپۆرت هەموو پێداویستییەکانمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو.
شوان شێخ ئەحمەد ئاماژە بەوە دەدات، کە دوا مۆڵەت بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە 31-12-2007 تەواوبوو. هەروەها بەغدا خۆی رێگر بووە لە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە و لە رەشنووسی بڕۆژەیاسای بودجەی 2018 بەغدا هیچ بودجەیەکی بۆ ئەو ناوچانە دیاری نەکردووە. هەروەها پێشتر بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دە ملیۆن دیناربووە، بەڵام بۆ عەرەبە هاوەردەکان بیست ملیۆن دینارە دیاری کراوە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا نا عەدالەتییە.
شوان ئەحمەد دەشڵێت، حکومەتی هەرێم بە هۆی ئەو بارودۆخە ئابووریەی رووبەڕووی بووەوە، وەکو پێویست نەدەتوانرا هاوکاری بۆ ئەو ناوچانە دابین بکرێت. حکومەت لە ساڵەکانی 2011، 2012 و 2013. بڕی 170 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکردبوو، ئەوەی لەو پارەیەی هەندێک مابووەوە، لە رێگەی یەکە ئیدارییەکانی ئەو ناوچانە بۆ چەند پڕۆژەیەک تەرخان کرا. بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون.