نوچە-سکای نیوزی عەرەبی
کەنالی هەواڵی سکای نیوزی عەرەبی، رەشنووسی راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی، لە پەیوەندی لە گەڵ ئێران بڵاو کردەوە.
بە پێی کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار،دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە،١٩ ی نۆڤەمبەر، رایانگەیاند کە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەم رێکخراوەدا، کە تایبەت کراوە بە مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و هێرشی حوسییەکانی یەمەن، بۆ سەر خاکی سعودیە، ئیدانەی کردار و سیاسەتەکانی تارانیان کردووە.
سەرچاوەکان لە وتووێژ لە گەڵ سکای نیوزی عەرەبی، جەخت لەوە دەکەنەوە کە راگەیێندراوی کۆتایی کۆمکاری عەرەبی، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ سعودیە، ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە هەنگاوێکی ریاز بۆ بەرگری لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەردەبڕێت.
بە گوتەی سەرچاوەکان، کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، کۆمکاری عەرەبی بڕیاری دانانی گروپێکی عەرەبی لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەردەکات، بە پێی زانیارییەکان ئەم گروپە عەرەبیە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، دەکات لە پەیوەندی لە گەڵ هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە، هەر بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندی بە لایەناکانی شوێندانەر و بڕیاربەدەستی ئەنجومەنی ئاسایش ورێکخراوی نەتەویەکگرتووەکانەوە، دەکات.