نوچەنێت
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، داخوازی پێکهێنانی حکومەتی ئینتیقالی جۆرێک دەستەوەستانە لە دۆزینەوەی رێگاچارەی سیاسی دەردەکەوێت و دەڵێت “ئەم داواکارییە ملکەچ بوونە بە داواکارییەکانی عەبادی”.
ئەمە لە کاتێکدایە،کە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا، پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی راگوزەری (ئینتیقالی) بەپێویست دەزانێت، بەمەبەستی هێنانەدی یەكڕیزی نیشتمانی و چاكسازی خێرا، لە مەسەلەی بژێوی و گوزەران و لایەنی ئەمنی هاوڵاتیان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، سەبارەت بە داخوازی چەند لایەنێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئنتیقالی رایگەیاند، ئەم جۆرە داواکارییە جۆرێک دەستەوەستانە لە دۆزینەوەی رێگاچارەی سیاسی دەردەکەوێت، ئەگەر نا هەموو کەس دەزانێت حکومەتی ئینتیقالی، کەی دروست دەبێت و لە چ بارودۆخێکدا پێکدێت و مەرجەکانی چین.
عەلی عەونی پێیوایە، کە ئەو داخوازیانە دەبێت بە رێوشوێنی یاساییدا دەرباز ببێت. گوتیشی “مەگەر ئەم حکومەتە چەند کاتی ماوە، کە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنی. هەروەها هیچ روون نییە بەنیازن چی بگۆڕن. ئەمە جۆرێکە لە دەستەپاچەیی بوون لە دەربازبوون لە بارودۆخەی خوڵقاوە لەو فشارەی، کە حکومەتی عێراق، ئێران و تورکیا، خستوویانەتە سەر کوردستان”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی، هەروەها دەڵێت”لە کێشە ناوخۆییانەدا دەبوایە ئەوەندە ئەزموونیان وەرگرتبا، کە یەک دەنگ و یەکهەڵوێست بن، تا ئەم پرۆسەیە سەربخەن. هەروەها تێکدانی دۆخەکە زەرەر بە هەموومان دەگەیەنێت”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی پێیوایە، کە زیاتر موخاتەبەی خەڵکە و شەڕی کۆکردنەوەی دەنگ دەکەن، بەداخەوە جەوێکی وا خوڵقاوە، کە هەر کەس هەوڵدەدات دەنگی زیاتر کۆ بکاتەوە، لەجیاتی ئەوەی پشتگیری حکومەت بکات، کە ئەمەش برینێکی ترە لە جەستەی حکومەت. هەروەها کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و تووشی پەرتەوازەییمان دەکاتەوە بەرانبەر بەغدا.
عەلی عەونی پێیوایە، زیاتر باسی گۆڕینی دەموچاوەکان دەکەن، کە رێک ملکەچ بوونە بەو داوایەی حکومەتی عەبادی، کە ئەوان بڕیار بدەن، کێ بە نوێنەرایەتی کوردستان بەشداری دانوستانەکان بێت و نایانهەوێت، لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەونە گفتوگۆ.
عەلی عەونی هۆشداری دەدات و دەڵێت “بەبێ پارتی وەک هێزێکی سیاسی و یەکەم لە هەرێمی کوردستان، هیچ پرۆسەیەکی سیاسی سەرناگرێت. جەختیش دەکاتەوە، کە دەبێ ملکەچی خەڵكی خۆمان بین نەک حکومەتەکەی عەبادی. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ ئەوە بزانین حکومەتی هەرێم، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەیدا، شەڕی داعشی بەسەرکەوتوویی دەرباز کرد و شەڕی حەشدی شەعیش دەرباز دەکات”.
لەبارەی بەڵێنەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە خەڵکی هەرێمی کوردستان، گوتی، عەبادی بە نیازی ناردنی بودجە و موچە نییە، چونکە بۆخۆی کێشەی موچە و بودجەی هەیە و تا هەڵبژاردنی داهاتوو، بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت و دەستی دەستی بەم میللەتە دەکات.