نوچەنێت
پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنێت، بەمەبەستی راگرتنی بۆردمانەکان سەردانی کونسوڵخانەکانی تورکیا و ئێران-مان کردووە و زەرەر و زیانەکانی ئەنجامی بوردومانەکانمان بۆ خستوونەتەڕوو، چونکە بۆردمانکردنی ناوچەسنوریەکانی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ماوەی دوو ساڵە ناوبەناو فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا، بە بەهانەی بوونی گەریلاكانی پەكەكە، ناوچە سنورییەکان بۆردومان دەکەن. بەو هۆیەوە زیانی ماددی زۆر و هەندێكجار زیانی گیانیش هەبووە، هاەروەها زیانێكی زۆربەر دارستانی ناوچەكە كەوتووە. ماوەی سێ رۆژە فڕۆكەكانی توركیا، ناحیەی دێرەلوک وچەند ناوچەیەكی قەزای ئامێدی، بۆردومان دەكەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قادر وەتمان، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە بۆردمانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆردمانەکان بەداخەوە زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە. وەک لیژنەی ناوخۆ سەردانی ئەو ناوچانەمان کردووە و زیانەکانمان خەمڵاندووە. هەروەها ئاگادارین حکومەتی هەرێم زیانەکانی تۆمار کردووە.
قادر وەتمان دەڵێت، وەک لیژنەی ناوخۆ، بەمەبەستی راگرتنی بۆردمانەکان سەردانی کونسوڵخانەکانی تورکیا و ئێران-مان کردووە و زەرەر و زیانەکانی ئەنجامی بوردومانەکانمان بۆ خستوونەتەڕوو، داوامان کردووە، پرسی کورد لە ناوخۆی وڵاتی خۆیان بە دانوستان چارەسەر بکەن، بۆ کۆتایی هێنان بەو بۆردمانانە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ دەهەروەها دەڵێت “بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بۆردمانکردنی خاکی وڵاتێکی دیکە، واتە پێشێلکردنی سیادە و سەروەری ئەو وڵاتە کراوە. ئەو بۆردمانانە پێچەوانەی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە، بەڵام بیانوویان هەیە، کە ئەویش هەبوونی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و ئێرانە لە هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش نابێت هیچ وڵاتێک ببێتە هەڕەشە لە سەر دراوسێکانی”.
قادر وەتمان ئەوەشی دووپاتکردەوە، کە ئەو بۆردمانانە زیانی زیاتر بە خەڵکی کوردستان دەگەیەنن و راگرتنی ئەو بۆردمانانە پەیوەندی بە دۆزی کوردەوە هەیە لە ئێران و تورکیا، تاچەند بەرەو پێشچوون بە خۆیانەوە دەبینن، بەڵام هیچ هەوڵێکی جددی لەو بارەیەوە نییە.
لە بارەی ئەگەری لەشکرکێشی تورکیا، بۆ سەر ئەو ناوچانە کوردستان، قادر وەتمان گوتی” ئەوە پەیوەندی بە وڵاتە زلهێزەکانەوە هەیە، کە ئەگەر ئەوان رازی نەبن ناتوانرێت بۆ ئەو ناوچانە لەشکرکێشی بکرێت، بەڵام لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوچەیی و شەڕی بەوەکالەت لە ناوچەکە، ئەگەری لەشکرکێشی زیادتر دەکات، ئەمە لاکاتێکدایە ئەو دوو دەوڵەتە بوونی سەربازییان لە عێراق هەیە. هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە “باشتربوونی پەیوەندی تورکیا و عێراق، لە ڕووی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیانەوە، بێگومان کاریگەری لەسەر لایەنی سیاسی نێوانیان دەبێت”.