نوچەنێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بە شێوەیەکی کراوە،لە نێوان ماڵی شیعە و سوننەدا، بازرگانی بە ئاوارەکانەوە دەکرێت “ئێمە تەنیا دەتوانین چاودێری و لێکۆڵێنەوە، لە هاوکارییەکان بکەین”.
لەدوای داگیرکردنی چەند پارێزگایەک لەلایەن داعشەوە، لە ساڵی 2014، ژمارەیەکی زۆر خەڵكی مەدەنی ئاوارە بوون، کە زیاتر لە ملیۆنێک و 800هەزار کەس روویان لەهەرێمی کوردستان کرد. هەروەها دوای هێرشی حەشدی شەعبی، بە هاوکاری گروپێکی نێو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆ سەر کەرکوک و ناوچەکانی دەورووبەری، بە گوتەی پەرپرسانی ئەمنی شارەکە، زیاتر لە 600 شەهید بوون، هەروەها دا زیاتر لە 175 هەزار کەس ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون و رەوشێکی خراپدا ژیان بەرسەر دەبەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موحسین عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی سەوز، سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکانی کەرکوک و خورماتوو رایگەیاند “بابەتی ئاوارەکان بەگشتی هەر لە دوای هاتنی داعشەوە تائێستا، بەداخەوە بووەتە کەرەستەیەک لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق، لە نێوان ماڵی شیعە و سوننەدا، بە شێوەیەکی کراوە بازرگانی بە ئاوارەکانەوە دەکرێت”.
هاوکات ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق دەڵێت “ئێستا زۆر شوێن رزگار کراوە، لەناوچەکانی سنوری ماددەی 140، کە عەرەبی سوننە و کوردی لێیەلە خانەقینەوە تادەگاتە رەبێعە.، رزگارکراوە بەڵام حەشدی شەعبی، رێگە نادات ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، دیارە کە پلانێکە بۆ دوو مەبەستی بازرگانی کردن و هەڵبژاردنی داهاتوو، چونکە ئەگەر ئەوانە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان حەشدی شەعبی، بە دڵی خۆیانلە هەڵبژاردن دەرناچن، لە بەر ئەوە رێگری دەکرێت. لە هەمان کاتدا بازرگانی بە مانەوەیانەوە دەکرێت”.
لەبارەی یارمەتیدانی ئاوارەکان، موحسن عوسمان ئەوەی خستە روو”لە گەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەران قسەم کردووە و ئەو دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، بەڵام کێشەی گواستنەوەمان هەیە. هەروەها مەسەلەی کۆچ و کۆچبەران تەنها یەک وەزارەت ناگرێتەوە، بەڵکو وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە، پەیوەندیان هەیە. ئێستا کێشە لەنێوان پێکهاتەکانی عیراقدا هەیە، ئەمە تەنیا ئاوارەی ناوعێراقە لە کاتێکدا لە وڵاتانی دەورووبەر ئاوارەی عێراق بوونی هەیە”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەروەها دەڵێت، لە کۆبوونەوەمان لە گەڵ لیژنەی ئەمن و بەرگریدا باسمان کردووە، ئەوان دەڵێن، بەشێک لە ئاوارەکانی کەرکوک گەڕاونەتەوە بەڵام”لە ئێستادا ئامارێکی دروستمان لە بەردەست نییە، بەهۆی هاتووچۆ و گۆڕانکاری لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان. هەروها لە کاتێکدا دەتوانین یارمەتیدەریان بین، کە بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بتوانرێ قەرەبووی ئەو زیانانە بکرێنەوە، کە لێیان کەوتووە، چونکە پەرلەمان تەنیا دەتوانێ چاودێری بکات. ئەوەی لەسەرمانە کردووەمانە، بەڵام دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بەرانبەرمان،(وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی عێراق) کە جێبەجێی دەکات یان نا.”
ئەو ئەندامەی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق روونی دەکاتەوە،کە لە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی باڵا هەیە، کە سەرپەرشتی تەواوی کۆچ و کۆچبەران دەکات، هەروەها -هاوئاهەنگی لە نێوان لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و ئەو رێکخراوانەی لەو بوارە چالاکن دەکات “بەگوتەی ئەو لیژنەیە، ئەو ئاوارانەی ئەم دوایانە (١٦-١٠-٢٠١٧)، رەوشەکە بەرەو باشی دەچێت و دەگەڕێنەوە و تەنیا رەوشی خورماتوو ئاڵۆزە”.
محسن عوسمان جەخت لەوەدەکاتەوە”ئێمە دەزانین باری حکومەتی هەرێم زۆر قورس بووە، چونکە بەشێکی زۆر لە بودجەی هەرێم لادراوە و چەندین ساڵە قورسایی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە. ئاشکرایە هەرێم لە رووی داراییەوە لە دۆخێکی خراپدایە. دەبێت لە نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندییەک دروست بکرێت، بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان”.