نوچەنێت
دوای کۆبوونەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە گەڵ کونسوڵی وڵاتان، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانیان راگەیاندووە، ئەگەر بەغدا گفتوگۆ رەتبکاتەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەوا بژاردەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق کراوەیە.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە 16-11-2017)، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانیان لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا پێگەیاندن.
دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەعفەری ئیمنکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “پەرلەمان راسپاردەی تەواوی بۆ گفتوگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ئامادەکردووە و هیواخوازین زوو گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا دەستپێبکات”.
بێگەر تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت “وەکو پەرلەمانی کوردستان پەیامی خەڵکی کوردستانمان گەیاندە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان”.
بێگەرد تاڵەبانی راشیگەیاند “پەیامی ئێمە ئەوەبووە، کە کورد میللەتێکی ئاشتیخوازە و دەیەوێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دیالۆگی خۆی لەگەڵ بەغدا دەستپێبکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە لە دانیشتنی رابردووی پەرلەماندا راسپاردەیەکی 18 خاڵیمان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا باسی هەموو ئەو خاڵ و ماددانەمان کردووە، کە لە رەشنووسی بودجەی عێراق ئێستا ئامادەکراوە، تاوەکو ئێستا نەچووەتە پەرلەمان و واژۆی لەسەر نەکراوە، بەڵام پێشێلکاری زۆری مافە دەستوورییەکانی کوردستانی تێدایە، ئەوەش کاریگەرییەکی زۆر گەورە لەسەر بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستان دادەنێت”.
تاڵەبانی دەشڵێت “ئێمە دیالۆگمان بەلاوە گرنگە و پابەندبوونی خۆشمان بە دەستووری عێراق دووپاتکردووەتەوە، ئەگەر بێت و حکومەتی عێراقی پابەندنەبێت، یاخود نەیێتە نێو دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە لە بەیاننامەکە و ئەمڕۆش دووپاتمانکردەوە، کە بژاردەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بژاردەیەکی کراوەیە و پەرلەمانی کوردستان کار بۆ دەستەبەرکردنی کۆدەنگی لەو بوارەدا دەکات”.