نوچەنێت
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تویتێکدا رایگەیاند، کە لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، کۆبۆتەوە.
فەلاح مستەفا، شەوی ١٣-١١-٢٠١٧ لەگەڵ برێت مەکگۆرک، کۆبۆتەوەو بە هەلێکی باش، بۆ بەهیزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا داناوە.
کۆبوونەوەکەی بە هەلێکی باش بۆ پێداچوونەوە بە دوایین گۆڕانکارییەکان و پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا داناوە. کۆبونەوەکە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن، ئەنجامدراوە. باس لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عیراق کراوە.
برێت مەکگۆرک، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی، لە کۆبونەوەکەدا باس لە بایەخی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو، لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا کراوە.
لەبەرامبەردا فەلاح مستەفا لە تویتێکدا دەڵێت، ئەم کۆبوونەوەیە، هەلێکی باشە بۆ پێداچوونەوە بە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو پابەندبوونی ئێمە بە بەهێزترکردنی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان.