نوچەنێت
مەسعود بارزانی پەیامێکی هاوخەمی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو دەنێرێت و سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیان و خەڵكی ناوچە زیانلێكەوتووەكان دەکات. دەشڵێت “لەم كارەساتەدا خۆمان بە هاوخەمی خەڵكی لێقەوماو و زیانلێکەوتووی هەر دوو پارێزگای کرماشان و هەڵەبجە دەزانین”.
شەوی یەکشەممە 12-11-2017 بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەر چوار پارچەی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی هەژاند، بەپێی سەنتەرەکانی جیۆلۆجی ئەمریکا و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، نێوەندی بوومەلەرزەكە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان (هەڵەبجە و كرماشان) بووە، گوڕەكەشی لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە 7.6 پلەی رێختەر.
بەپێی دوایین ئامارەکان بەهۆی بوومەلەرزەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 370 کەس برینداربوون، لە باشووری کوردستان 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین هاونیشتمانیش برینداربوون و لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پزیشکییان وەرگرتووە.
رۆژی دووشەممە 13-12-2017، مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی خەڵکی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کردووە دەڵێت “بەداخێكی زۆرەوە شەوی رابردوو لە ئەنجامی روودانی بوومەلەرزە لە پارێزگاكانی هەڵەبجە، كرماشان، ناوچەكانی قەسری شیرین و سەرپیلی زەهاو، سەدان هاوڵاتی گیانیان لەدەست دا و هەزارانی دیکەش بریندار بوون”.
لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت و دەشڵێت “لەم كارەساتەدا خۆمان بە هاوخەمی خەڵكی لێقەوماو و زیانلێكەوتووی هەر دوو پارێزگای کرماشان و هەڵەبجە دەزانین”.
دەقی پەیامەکەی بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەداخێكی زۆرەوە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی ڕوودانی بوومەلەرزە لە پارێزگاكانی هەڵەبجە و كرماشان و ناوچەكانی قەسری شیرین و سەرپولی زەهاب سەدان هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و هەزارانی تریش بریندار بوون.
بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیان و خەڵكی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی بوومەلەرزەی شەوی ڕابردوو دەكەم و هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەخوازم. لەم كارەساتەدا خۆمان بە هاوخەمی خەڵكی لێقەوماو و زیانلێكەوتووی هەر دوو پارێزگای کرماشان و هەڵەبجە دەزانین.
مسعود بارزانی
13ـی 11ـی 2017