نوچەنێت-رووداو
وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو ئاشکرادەکات و دەڵێت، 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 321 کەسیش بریندار بوونە.
ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 12-11-2017، بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەر چوار پارچەی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی هەژاند، بەهۆیەوە تەنیا لە باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە 200 كەس گیانیان لەدەستدا و سەتانی دیكەش برینداربوون.
بەپێی سەنتەرەكانی جیۆلۆجی ئەمریكا و ئێران و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، نێوەندی بوومەلەرزەكە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان (هەڵەبجە و كرماشان) بووە، گوڕەكەشی لەنێوان 7 بۆ 7.6 پلەی رێختەر بووە.
د. رێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو ئاشکرادەکات و رایگەیاند: 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 321 کەسیش بەهۆی ترس، لەهۆشچوون و برینداربوونەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان.
بەگوتەی وەزیری تەندروستی، چوار کەس لەوان لە قەزای دەربەندیخان، دوویان لە گەرمیان و یەکێکیش لە سلێمانی بووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە دوو لەو کەسانەی لە دەربەندیخان گیانیان لەدەستداوە بە رەگەز عەرەب بوونە.
لەبارەی بریندارەکانیش وەزیری تەندروستی گوتی: “120 كەس بەهۆی ترسەوە هێنراونەتە نەخۆشخانەکان، 201 كەسی دیكەش برینداربوونە، سەرجەمیان برینەكانیان سووكە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، بەشێكی زۆریشیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە”.