نەوزاد عەلی چوچانی
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسێتی لەپەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و دەشڵێت “بەهیچ شێوەیەك ئەو یاسایە لەهەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت”.
لەسەر پێشنیاری یەکێك لە کوتلە عەربیەکان، ئـەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەنیازە لەڕێگەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ھەمواری یاسای باری کەسێتی کار بە مەزھەبی جەعفەری بکات، کە رێگا دەدات بەشووکردنی کچان لەتەمەنی 9 ساڵیدا، لەئێستادا پڕۆژەیاساکە لەپەرلەمانی عێراق خوێنەندنەوەی یەکەمی بۆکراوە، ئەمەش کاردانەوەی زۆربەی یاساناسان، چالاکانی مەدەنی، رێکخراوەکانی ژنان و منداڵانی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، رێزان شێخ دلێر مصطفی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراق رایگەیاند:پڕۆژە یاساکە لەپەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بەڵام بۆ خوێندنەوەی دووە داوامانکردووە یاساکە بەپێی پرەنسیپ رەتبکرێتەوە، چونکە یاساکە پێچەوانەی دەستور، مرۆڤایەتی و هەموو ئەوە بڕیارە نێودەوڵەتیانەیە، کە عێراق واژووی لەسەر کردووە، بۆ رێزگرتن لەمافەکانی ژنان و منداڵان.
رێزان شێخ دلێر، داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات، رۆڵیان هەبێت لە وروژاندنی ئەم بابەتە و گوتیشی “ئێمە دژی پڕۆژەیاساکەین و هەوڵی زۆریشمان داوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە، جارێکی دیکە لەپەرلەمان نەخوێندرێتەوە، بەڵام ئەوان دەنگیاندا بۆ ئەوەی یاساکە بمێنێتەوە، تاکو خوێندنەوەی دووەم و دواتریش دەنگی لەسەر بدرێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەیاساکە و دەڵیت “پڕۆژەیاسایەکی قورس و مەترسیدارە، چونکە ئەمە جارێکی دیکە دەرگا دەکاتەوە بۆ مەرجەعیاتی ئایینی، بڕیار لەسەر ژنان و منداڵان بدەن، بۆ ئەوەی بەئیسراحەتی خۆیان منداڵان بەشوو بدەن”.
رێزان شێخ دلێر لەبارەی یاساکە تاچەند لەهەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، گوتی “هەرێمی کوردستان یاسا و پەرلەمانی خۆی هەیە، تەنانەت هەر یاسایەکیش لە حکومەتی فیدڕاڵەوە دەربچێت، دەبێت دووبارە لەپەرلەمانی کوردستانەوە دەنگی لەسەربدرێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ئەو یاسایە لەهەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت”.