تایبه‌ت: نوچه‌نێت
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، داواكردنی نه‌وتی سپی له به‌غدا بۆ سلێمانی خۆ جیاكردنه‌وه نییه له پارێزگاكانی دیكه‌ی كوردستان، ده‌شڵێت “حكومه‌تی هه‌رێم هیچ ناڕه‌زایه‌تیه‌كی نه‌بوو”.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، ئازاد محمد ئه‌مین، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، سه‌باره‌ت به دابینكردنی نه‌وتی سپی بۆ هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌موو هه‌وڵیك ده‌دات بۆ دابینكردنی نه‌وتی سپی بۆ دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ی راپه‌رین و گه‌رمیان. ده‌شڵێت “له دوو ریگاوه خه‌ریكی دابینكردنی نه‌وتی سپین بۆ سنوره‌كه‌مان”.
سه‌باره‌ت به‌و دوو ڕیگایه ئازاد محمد ئه‌مین گوتی، ریگه‌ی یه‌كه‌ممان داواكردنه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به نوسراوی فه‌رمی، بۆ دابینكردنی نه‌وتی خاو بۆ پاڵاوگه‌ی سوروقاوشان له قه‌زای دووكان، بۆئه‌وه‌ی بیكه‌ینه نه‌وتی سپی و بیده‌ینه دانیشتوانی پارێزگاكه‌مان، كه چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی حكومه‌تی هه‌رێمین. ریگه‌ی دووه‌م له رێگه‌ی نوسراوێكه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، داوامان كردووه، نه‌تی سپی بۆ پارێزگای سلێمانی دابین بكرێت، كه خۆشبه‌ختانه به ئیجابی وه‌ڵام دراوینه‌ته‌وه و به‌شێك له نه‌وته‌كه له رێگایه بۆ گه‌شتنه سلێمانی، كه هه‌وڵ ده‌ده‌ین رێژه‌كه‌ی زیادبكرێت و به‌شی هه‌موو سنوره‌كه‌مان بكات.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی دڵنیای ئه‌وه ده‌دات، کە داواكردنی نه‌وت بۆ سنوری سلێمانی خۆجیاكردنه‌وه و مامه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆی سلێمانی نییه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی، به‌ڵكوو ئه‌م هه‌نگاوه‌مان وه‌ك ساڵانی پێشووه، كه لە رێگه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقه‌وه نه‌وتمان بۆ سلێمانی دابینكردووه.
ئازاد محمد ئه‌مین ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌م خواسته‌مان ئاراسته‌ی حكومه‌ت كردووه، كه ئه‌مانه‌وێ نه‌وتی سپی له رێگه‌ی به‌غداوه بۆ پارێزگای سلێمانی دابین بكه‌ین و حكومه‌تی هه‌رێم هیچ ناڕه‌زایه‌تی و كۆمینتێكی نه‌بوو.