نوچەنێت
مهسعود بارزانى، له چاوپێكهوتنێکیدا لهگهڵ كهناڵى سى ئێن ئێن، رايگهياند، ریفراندۆم پاساو بوو بۆ ھێرشكردنە سەر كوردستان، بە چەکی هاوپەیمانان هێرش کرایە سەر پێشمەرگە.
مەسعودبارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێم، لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵێ سی ئێن ئێن،- ئەمریکی رایگەیاند، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم، مافە دیموکراتییەکانمان پراکتیزە کرد. دەرکەوت بانگەشەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دیموکراسی بێ بنەمایە، بۆیە پێویستە مەللەتە سەرکوتکراقوەکان پشت بە خۆیان ببەستن.
بارزانی هەروەها دەڵێت، راستیيەك ھەیە پێویستە روونی بکەمەوە، ئەویش ئەوەیە کە ریفراندۆم بەھانە بوو بۆ بەغدا، ئەگینا ئەمە پیلانی بەغدا بوو پێش ریفراندۆم. ئەوان لەمێژە خۆیان ئامادە كردووە، پێشبینی نەكراو نەبوو كە ھێزەكانی عێراق ھێرشبەكەنە سەر كوردستان، بەڵام ئەوە بۆ من زۆر زۆر جێی سەرسوڕمان بوو ئەوە بوو، ئەوانەی ئەمریكا بەتیرۆرست وەسفیان دەكات، بە تانك و چەكی ئەمریكی پەلاماری ئێمەیان دا. لە بەرچاوی ئەفسەر و بهرپرسانى ئەمریكا. ریفراندۆم مافێكی سروشتی ئێمەیە بەشێوەیەكی دیموكراسی و بەشێوەیەكی ئاشتیانە مافەكانی خۆمان پەیڕەو كرد. هەروەها ئێمە نەمان گوتبوو، رۆژی دوای ریفراندۆم سەربەخۆیی رادەگەیێنین. ئێمە گوتمان رێگە بدەن خەڵكی كوردستان گوزارشت لە را و بۆچوونی خۆیان بكەن.
هاوکات بارزانی، باس لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دەکات “ئێمە ئەگەر ئیرادەمان لەدەست چووبا، ئەوە زۆر زۆر گەورەتر دەبوو، ئەو ناوچانەی لەدەستچوون بەشەڕ لەدەست نەچوون، ئاساییە بە موەقەت و كاتی ھەندێ شت لەدەست بدەین. ئێمە ئیرادە و خواستی گەلەكەمان ھەڵبژارد لەسەر ھەندێ لایەنی تر”.
بارزانی ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکات، کە بۆچی لەسەر داوای رۆژئاوا ریفراندۆمیان دوانەخستووە”رۆژئاواییەكان گوتیان، ریفراندۆم دوابخەن و كاتی نییە. داوایان كرد بۆ دوو تا سێ ساڵ دوای بخهین. ئەو كات رێز لەو ریفراندۆمە دەگرن. ئێمەش داوامانكرد، كە چەمكی رێز بگۆڕن بۆ پاڵپشتی كردن. بۆیە ئێمە نەمانتوانی متمانە بەو پێشنیازە بكەین، چونكە ئەوان بەڵێنی پاڵپشتی و ھاوكارییان بە ئێمە نەدا. لەبەر ئەو ھۆكارە پێمان وابوو كە دواخستنی زيانى زیاترمان پێ دهگهيهنێت”.
مەسعودبارزانی، دوپاتیدەکاتەوە کە کورد کەس پاڵپشتی نییە”بەراستی دەركەوت، كە دەبێت نەتەوە زوڵملێكراوەكان پشت بەخۆیان ببەستن، ئەو ھەموو بانگەشانەی بەناوی مافەكانی مرۆڤ و مافی گەلان و ئازادی و دیموكراسی ھیچ بنەما و ئەسڵ و ئەساسی نییە”.
بارزانی لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا، دوپاتیدەکاتەوە کە پێشمەرگە بە چەکی هاوپەیمانان شەهیدکراوە” ئەوەی جێی سەرسوڕمان و نیگەرانیە ئەوەیە كە دوای ئەوەی پێشمەرگە شكۆ و ئەفسانەی داعشی تێكشكاند، وامان زانی جیھان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوانەی خۆیان بە ھاوڕێی ئێمە دەزانی، پاڵپشتمان دەكەن، یان ئەگەر پاڵپشتمان نەكەن بێ دەنگ دەبن، بەڵام بەداخەوە، دەركەوت ئێمە تەنھا چیاكانمان ھەیە، لەبهرامبەر ئەوان نەك تەنھا پاڵپشتیان نەكردین، بەداخەوە پێشمەرگە بە چەكەكانی ئەوان شەھید دەكرێن، ئەوانیش بە بێ ئەوەی ھیچ كاردانەوەیەكیان ھەبێت تەماشا دەكەن. ئەمە زۆر نیگەرانم دەكات”.
بارزانی پەیامی خۆی رادەگەیەنێتە و دەڵێت”پەیامی ئێمە ئەوەیە بۆ عەبادی و عێراق، كە ئێمە ساڵي رابردوو ھاوكاری ئێوەمان كرد، لە موسڵ كە ئەگەر لەبەر پێشمەرگە نەبووایە نەدەتوانرا موسڵ رزگار بكرێت. بگەڕێنەوە بۆ لۆژيك و دەستبكەنەوە بە دانوستان لەگەڵ حكومەتی ھەرێمی كوردستان ، چونكە جەنگ تەنھا وێرانكاری و خوێنڕشتنی بۆ تەواوی عێراق لێدەكەوێتەوە و ھیچی لێوە بەرھەم نایەت”.