ئێران پیلانی بردنی نەوتی کەرکوک دادەنێت

0

نوچەنێت: روداو

پشتیوانیکردنی ئێران لە هێزە عێراقییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکووک لە 16 ئۆکتۆبەر، تەنیا بە دەستکەوتی سیاسی و ئەمنی بەرتەسک نەکرایەوە، بەرژەوەندی ئابووریشی هاتەسەر.

ئاژانسی فارسی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەزارەتی نەوتی ئێران کار لەسەر گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ چوار پاڵاوگەی ئەو وڵاتە دەکات. پاڵاوگەکانی کرماشان، ئەراک، تاران و تەورێز.

پاڵاوگەی نەوتی کرماشان توانای وەرگرتنی رۆژانە 25 هەزار بەرمیلی هەیە، بەشێکی لە کرماشان و بەشێکی لە باشووری ئێرانەوە بۆ دابین دەکرێت. ئەو پاڵاوگەیە ساڵی رابردوو بە بەهای 280 ملیار تمەن درایە کەرتی تایبەت و کۆمپانیایەکی نزیک لە سوپای پاسداران ئێستا خاوەنیەتی و بەڕێوەبەرەکەی دوو ساڵ پێش وەک بەسیجی نموونە ناسراوە.

پاڵاوگەی ئەراک سەر بە کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێرانە. رۆژانە 250 هەزار بەرمیل بەرهەمی هەیە. ئەو وڵاتە خەریکە گەورەترین پرۆژەی بەرهەمهێنانی بەنزینی ئێران لەو پاڵاوگەیە دروست دەکات و بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی باش، پێویستی بە باشترین جۆری نەوت هەیە.

پاڵاوگەی تاران ئێستا توانای پاڵاوتنی رۆژانەی 235 هەزار بەرمیلی هەیە. نەوتە خاوەکەی ئێستا لە باشووری ئێرانەوە بە بۆری بۆی دەگوازرێتەوە.

هەروەها پاڵاوگەی تەورێز رۆژانە توانای وەرگرتنی 110 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و ئێستا نەوتەکەی لە باشووری ئێرانەوە بە بۆری دابین دەکرێت.

پێشتر بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق، ناسراو بە سۆمۆ، تەنیا پێدانی نەوت بە پاڵاوگەی کرماشانی راگەیاندبوو. بڕیاربوو رۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوت لە کەرکووکەوە بە تانکەر بگوازرێتەوە کرماشان. وەزارەتی نەوتی عێراق و ئێران لە مانگی تەمووز رایانگەیاند، لەسەر دروستکردنی بۆرییەک بۆ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک بۆ ئێران رێککەوتوون، بۆ جێبەجێکردنی ئەوەش پێویستییان بەوە بوو کۆنترۆڵی کێڵگەکان بگرنەدەست.

کەرکووک 9 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە. کێڵگە نەوتییەکانی ئەو شارە توانای هەناردەکردنی رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە. پێش کۆنترۆڵکردنی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، نەوتی کێڵگەکانی ئەو شارە لەڕێی بۆری نەوتی کوردستان – جەیهان هەناردە دەکرا، بەڵام ئێستا بەو شێوە نەماوە. ئاژانسی فارس دەڵێت، ئێران لە بەرامبەر ئەو نەوتەی لە کەرکووک وەریدەگرێت، نەوت لە باشووری ئەو وڵاتە دەداتەوە عێراق. بەشێکی بۆ هەناردەکردن و بەشێکیشی دەدات بە پاڵاوگەکانی نەوتی باشووری عێراق.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com