نوچەنێت
گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکومەتی رزگاری نیشتمانی، کە داوای دەکەن تەنیا دروشمە و لە دروشمیش دەرناچێت. دەشڵێت “ئەمریکا بەڕوونی رایگەیاندووە، کە دەبێت هەموو لایەنەکان پشتیوانی لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن”.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە چلەی ماتەمینی مام جەلال رایگەیاند: حکومەتی رزگاریی نیشتمانی، کە بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح داوای دەکەن، تەنیا دروشمە و لە دروشمیش دەرناچێت.
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەدا، کە ئەمریکا بەڕوونی رایگەیاندووە، کە دەبێت هەموو لایەنەکان پشتیوانی لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن.
لەبارەی کەرکوکیش بە جەختکردنەوە لەوەی تورک و عەرەب، هیچ کاتێک یەک نابن، گوتی “سەرکردایەتی کورد لەبارەی کەرکوک یەک دەبێت و بەهیچ شێوەیەک رێگە بە تەعریبکردن نادەن”.