نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، هاوکاری و هەماهەنگی پەرلەمانی کوردستان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی حکومەت کراوەتر دەکات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
رۆژی چوارشەممە 8-11-2017، كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان ئەنجامدرا و لەسەر 8 خاڵ رێککەوتن، بۆ كاری ئایندەی پەرلەمان و دانیشتنەكانی پەرلەمان و ئەو یاسا و بڕیارانەی، كە پێویستن پەرلەمانی كوردستان پەسەندیان بكات بە تایبەت ئەو بابەتانەی، كە پەیوەستن بە دۆخی خەڵك و هەرێمی كوردستان و رۆڵی دامەزراوە دەستووریەكانی هەرێم، و یەکێك لەخاڵەکان ئەوەبوو، کە پەرلەمان و حكومەت هاوكار و هەماهەنگی تەواوی یەكتربن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شوان شێخ ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کاریگەری هاوکاریەکانی پەرلەمان و حکومەت، لەچارەسەرکردنی کێشەکان رایگەیاند: پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت رۆڵی کاریگەری هەبێت لە تێپەڕاندنی دۆخی نەخوازراوی هەرێم. گوتیشی “هاوکاری و هەماهەنگی پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان، پاڵپشتێکی باش دەبێت بۆ حکومەت و وادەکات دەستی کراوەتر بێت، لە هەنگاونان بۆ چاکسازیەکان و شێوازی چارەسەرکردنی بارودۆخەکە”.
شوان شێخ ئەحمەد، دروستبوونی یەکڕیزی و تەبایی نێوماڵی کورد بەپێویست دەزانێت لەئێستادا و دەڵێت “دەبێت هەنگاوی جددی بنێین و هاوکار بین بۆ حکومەت، بۆئەوەی بەپێی توانا بتوانێت لەم قۆناغەدا کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، بەتایبەتی چاککردنی بژێوی خەڵکی هەرێمی کوردستان”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی، داوش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات “فشار بخەنە سەر حکومەتی فیدڕاڵی عێراق، بۆئەوەی لە رێگەی جێبەجێکردنی دەستوورەوە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکرێت”.