ماکرۆن نامەیەک بۆ نێچیرڤان بارزانی دەنێرێت

0

نوچەنێت

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا نامەیەک ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات و پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دووپاتدەکاتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 9-11-2017، دۆمەنیک ماس، کونسوڵى گشتی فەرەنسا لە هەولێر نامه‌یه‌كى ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى وڵاتەکەی گەیاندە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان.

بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماكرۆن له‌ نامه‌كەیدا ستایشى رۆڵى مه‌سعود بارزانى دەکات و رۆڵى ناوبراو لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمى کوردستان و دروستکردنی عێراقی نوێدا به‌ مێژوویى ده‌نرخێنێت. هه‌روه‌ها رێز و پێزانین بۆ رۆڵى تایبه‌تى بارزانی لە دژی داعش دووپاتده‌كاته‌وه‌، کە لەژێر فەرماندەیی ئەودا پێشمەرگە بەشدارییەکی یەکلاکەرەوەی هەبوو.

ماكرۆن لە بەشێکى دیكه‌ى نامەکەیدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئەو جەنگەی پێکەوە له‌ دژى تیرۆر ئەنجامیاندا، بووە هۆی پتەوکردنی ئەو دۆستایەتییە قووڵ و دێرینەی فەرەنسا و گەلی کوردستان و ده‌ڵێت “وڵاته‌كه‌مان هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ له چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا دان به‌ ته‌واوى مافه‌كانى گه‌لى كورددا بنرێت”.

سه‌رۆكی فەرەنسا هه‌روه‌ها نووسیویه‌تى “له‌پێناو به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانمان و بۆ گره‌نتی سه‌قامگیری هه‌رێمى كوردستان، هیوادارم به‌شێوه‌یه‌كى پته‌و له‌ پێكه‌وه‌كاركردن له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كه‌تان به‌رده‌وامبین‌، چونكه‌ ئه‌م سه‌قامگیرییه‌‌ بۆ عێراق و رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست فاكته‌رێكى گرنگه‌”.

له‌ نامه‌كه‌دا ماکرۆن ده‌ستخۆشى لە گفتوگۆ مه‌یدانییەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی عێراقی فیدراڵ ده‌كات کە بووەته‌ هۆى رێگریکردن لە گرژیی سەربازی، بەردەوامیى گفتوگۆكانیش لەڕووی سیاسییەوە به‌پێویست ده‌زانێت بۆئەوەی چارەسەرێک بۆ هەموو کێشەکان بدۆزرێتەوە و ده‌ڵێت: “رۆژی 28ی ئۆکتۆبەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئه‌وه‌م به به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراقیش گوتووه‌‌ کە دەستپێکردنەوەی دیالۆگ بە پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان تاکە رێگەچارەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هه‌میشه‌یى لە عێراق بۆ هەموو عێراقییەکان”.

لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان له‌ دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ كونسوڵى گشتیى فەره‌نسا له‌ هه‌ولێر، سوپاسى ماكرۆن و گەل و حکومەتى فەرەنساى کردووە کە لە سەرجەم قۆناخەکاندا پشتگیرییان لە خواستەکانى گەلى کوردستان کردووە، بەتایبەتیش لە قۆناخى شەڕى دژى داعش، فه‌ره‌نسا پشتگیرییه‌كى زۆرى پێشمەرگەى کردووه‌.

نێچیرڤان ئامادەیى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومه‌تى عێراق لەسەر بنەماى دەستوور دووپاتكردووەتەوە‌، هیوایشى خواستووە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەتایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵى زیاتر بۆ هاندانى دیالۆگێكى بنیاتنەر لە چوارچێوەى دەستوورى عێراقدا بۆ مسۆگەرکردنى ئارامى و سەقامگیرى و چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان بگێڕێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com