تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له په‌رله‌مانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم به ته‌واوی دۆسیه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران راده‌ستی حكومه‌تی عێراق بكات، بۆئه‌وه‌ی هیچ گلەییه‌ك له‌سه‌ر حکومەتی هه‌رێم نه‌مێنێت له‌لای فه‌رمانبه‌ران.
به‌پێی ره‌شنوسی پرۆژه یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2018، پشكی هه‌رێمی كوردستان بۆ 12.67% كه‌مكراوه‌ته‌وه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌رانی كورد، ئه‌و رێژه‌یه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و داوا ده‌كه‌ن هاوشێوه‌ی سالانی رابردوو 17%ی بۆ دیاری بكرێت.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، زانا ڕوستای په‌رله‌مانتاری كورد له په‌رله‌مانی عێراق، سه‌باره‌ت به راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌كانی كوردستان به به‌غدا و دابینكردنی موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه ڕایگه‌یاند: پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم، حكومه‌تی ناوه‌ندی بخاته ژیر به‌رپرسیاره‌تی و دۆسیه‌ی موچه‌ی هه‌رێمی به ته‌واوی راده‌ستبكرێت، ئه‌وكاته حكومه‌تی عێراق لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات و ناوه وه‌همییه‌كان له ناو لیستی موچه‌خۆرانی كوردستان ده‌ربهێندریت. رۆستای پێیوایه “به‌م هه‌نگاوه حكومه‌تی عێراق ده‌خرێته ژێر به‌رپرسیاریه‌تی و هیچ گله‌ییه‌كی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم نامێنێت”.
به‌بڕوای ڕوستایی، لیستی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ناوی وه‌همی تێدایه و خه‌ڵكێكی زۆریش به ده‌ر له پێویستی دامه‌زرێندراون بۆ مه‌رامی حزبی سوودیان لێ وه‌گیراوه. ده‌شڵێت “لیستی موچه‌ی خانه‌نشینانی پێشمه‌رگه و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان، ناوی وه‌همی و به‌لێشاو خه‌ڵكی ناشایسته خانه‌نشینكراون”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، حكومه‌تی عێراقی گومانی له رێژه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و به رێژه‌یه‌كی زۆی ده‌زانێت. بۆیه ئاماده نییە موچه‌ی ئه‌و رێژه زۆره‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم بدات.
ده‌رباره‌ی دیاری كردنی رێژه‌ی 12.67% بۆ خه‌ڵكی كوردستان له بودجه‌ی ساڵی نوێی 2018 دا ڕوستایی گوتی، ئه‌و رێژه‌یه كه‌مه و پێویسته به رێککه‌وتنێكی سیاسی نوێی هه‌ولێر و به‌غدا، رێژه‌ی 17% بۆ خه‌ڵكی كوردستان دیاری بكرێت، چونكه ئێستا هیچ رێككه‌وتنێك له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نه‌ماوه.