نوچەنێت: روداو
هێزەكانی لایەنگری رژێمی سووریا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە سووریای ئێستا لە نێوان ژمارەیەك گرووپی جیاوازدا دابەش بووە. ئەوەی حكومەتی سووریا لەو ماوەیەدا بەدەستی هێناوەتەوە، بە كۆمەكی هێزەكانی سەر بە سوپای قودسی ئێران و پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی رووسیا بووە، هەر بۆیە چاوەڕێ دەكرێت ئەو دوو لایەنە لە داهاتووی سووریادا داوای پشكی گەورە بكەن، بەڵام پشكی شێر بەر ئێران دەكەوێ.
شۆڕشی ئێران و سەرەتایەكی نوێ
سووریا یەكەم وڵاتی عەرەبی بوو كە دانی بە كۆماری ئیسلامیی ئێراندا نا لە ساڵی 1979. لە سەرەتای جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقیشدا، حكومەتی دیمەشق بووە هاوپەیمانی تاران. دوو ساڵ دواتر پەیوەندیی ئابووری و سەربازیی ئێران و سووریا گەرم بوو. حكومەتی سووریا هەروەها بۆڕیی نەوتی عێراقی داخست كە بەناو وڵاتەكەیدا تێدەپەڕی. ئێرانیش بە درێژایی هەشت ساڵی شەڕ، بەبێ بەرامبەر نەوتی دایە سووریا.
بەڵام هاوكارییەكانی ئێران هەر ئابووری نەبوون، لە كاتی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی 1982، ئێران یارمەتیی سووریای دا، شكست بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بهێنێ و هاوپەیمانێتیی نێوان ئیسرائیل و مەسیحییەكانی لوبنان هەڵوەشێنێتەوە. هەر هەوڵەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بوو كە ئیسرائیل و ئەمریكای ناچار كرد لە خاكی لوبنان بكشێنەوە.
سووریا رێڕەوی گواستنەوەی هاوكارییەكانی ئێران بۆ حیزبوڵڵا و گرووپە ئیسلامییەكانی فەلەستین بووە، لەوانەش حەماس و گرووپی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی. بۆیەش پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە بەدرێژایی ساڵانی كۆتایی شەڕی سارد و دوای ئەو قۆناغەش بەردەوام بوو.
مردنی حافز ئەسەد و هێرشی ئەمریكا بۆ عێراق
دوای مردنی حافز ئەسەد، زۆربەی شارەزایان پێیانوابوو هاتنەسەركاری بەشاری كوڕی، خاڵی وەرچەرخان دەبێ لە سیاسەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی سووریادا، بەڵام ساڵێك دوای هاتنەسەركاری بەشار ئەسەد، هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر روویان دا كە رێگەیان بۆ هێرشی راستەوخۆی ئەمریكا بۆ سەر ئەفغانستان و دواتریش عێراق خۆش كرد. بەگوێرەی راپۆرتێكی پەیمانگای (ئەتڵانتیك)ی ئەمریكی، ئەوكات پرسیاری زۆربەی وڵاتە دژەـ ئەمریكییەكان ئەوە بوو “كەی نۆرەی ئێمە دێت؟”.
ئێران هێرشەكانی ئەمریكای بۆ سەر دوو وڵاتی دراوسێی زۆر بە جددی وەرگرت. بۆیەش یەكەمجار لە بەرنامە ئەتۆمییە سەربازییەكەی پاشگەز بووەوە و دواتریش بەهاوكاریی سووریا هەوڵیدا شكست بە هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ جێگیربوون لە عێراق بهێنێ. لەو قۆناغەدا سووریا دەروازەی سەرەكیی هاتنی چەكدارە بیانییەكان بوو بۆ ناو عێراق كە لە بنەڕەتدا هۆكاری سەرەكیی سەرهەڵدانی كێشەی تایفی بوو لە عێراق.
هەوڵی هاوبەشی ئێران و سووریا نەك هەر ژمارەیەكی زۆر سەربازی ئەمریكی و هێزە ئەمنییەكانی عێراقی بە كوشتن دا، بەڵكو توانییان ئامانجی ئەمریكاش بگۆڕن لە دامەزراندنی حكومەتێكی هاوپەیمانەوە لە بەغدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەكدارە سوننەكان.
شكستی بژارەی ئەمریكا
لەگەڵ دەستبەكاربوونی باراك ئۆباما وەكو سەرۆكی ئەمریكا، دەرگایەكی نوێ لەسەر ئەگەری نزیكبوونەوەی ئەمریكا و سووریا كرایەوە. لەو قۆناغەدا ئێران باسی شەڕێكی هەمەلایەنەی لەدژی ئیسرائیل دەكرد، بۆ ئەم مەبەستەش چاوی لەسەر خاكی سووریا بوو، بەڵام وەكوو لە راپۆرتەكەی (ئەتڵانتیك)دا دەردەكەوێت، سووریا بە ساردی مامەڵەی لەگەڵ ئەو پلانەی ئێران كردووە.
دانەیل پلێتكا، توێژەر لە پەیمانگای دەستپێشخەریی ئەمریكا، دەڵێت كە ئەسەد هیچ مەیلێكی نەبوو وڵاتەكەی وەكوو مەیدانی ململانێی ئێران و ئیسرائیلی لێ بێت، ئێرانییەكانیش هەستیان بە ساردبوونەوەی حكومەتی سووریا كردبوو، بۆیە لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2010 چەندین وەزیری ئێرانی سەردانی سووریایان كرد.
لە ساڵی 2010ش مەدالیای كۆماری ئیسلامی بە ئەسەد درا. ئەو مەدالیایە بۆ خۆڕاگریی سووریا لەبەرامبەر ئەمریكا بە ئەسەد درا. لە كۆتایی 2010 پلانەكەی ئۆباما شكستی هێنا، لەبەرئەوەی لەو ساڵەدا جارێكی دیكە هاوكارییەكانی سووریا بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی زیادی كرد، بەهاری عەرەبیش لە ساڵی دواتردا لاپەڕەیەكی نوێ و ئاڵۆزتری لە پەیوەندییەكانی واشنتن و دیمەشق كردەوە.
بەهاری عەرەبی و رۆڵی ئێران لە مانەوەی ئەسەد
لە دەستپێكی گرژییەكانی سووریادا، ئێران هاوكاریی خۆی گەیاندە سووریا. بەگوێرەی راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە تاوەكو 2015، ئێران ساڵانە شەش ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری لە شەڕ و قەیرانی نێوخۆیی سووریادا كردووە. هەزاران سەرباز و فەرماندەی سوپای قودس، میلیشیا شیعەكانی وڵاتانی ناوچەكە و هەزاران چەكداری حیزبوڵڵای لوبنانی رەوانەی سووریا كراون.
جگە لەم هاوكارییە سەربازییانە، ئێران ژمارەیەكی زۆر كەرەستە و كادیری هەواڵگریشی رەوانەی سووریا كرد، بۆئەوەی راپەڕینی جەماوەریی خەڵكی سووریا كۆنترۆڵ بكەن، لەوانەش فەیسبووك، تویتەر و یوتیوب و هەموو ئەو ئامرازانەی پەیوەندی كە گرووپە ناڕازییەكان بەكاریان دەهێنان. بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریكی، ئەو هاوكارییانە بوونە هۆی دەستگیركردنی سەتان بەرهەڵستكاری سووری.
داهاتووی سووریا و باڵادەستبوونی ئێران
جگە لەمانە، ئێران و سووریا لە چوارچێوەی پلانێكی هاوبەشدا هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای سووریایان دا، لەو چوارچێوەیەشدا شیعەكانی سووریایان رەوانەی باكووری سووریا كرد، بۆ ئەوەی گەرەنتی پاراستنی ئەو رێڕەوە بكەن كە ئێران بەنیازە لە سنوورەكانی خۆیەوە هەتا دەریای نێوەڕاست دروستی بكات.
حەوت ساڵ شەڕی هاوبەش لەدژی هەموو هێزەكانی دیكەی سووریا، پەیوەندییەكی قووڵ و ستراتیژی لەنێوان ئەسەد و تاراندا دروستكردووە. پەیامی ئێران لە شەش ساڵی رابردوودا ئەوە بووە كە نەك هەر ئامادە نییە ئەسەد لەگەڵ سەركردەیەكی دیكەی سووریدا بگۆڕێتەوە، بەڵكو ئامادە نییە بۆ عەلەوییەكی دیكەش دەست لە ئەسەد هەڵگرێت. شەڕی نێوخۆی سووریا مانگی هەنگوینیی تاران و دیمەشق بووە. ئەسەد دەزانێت بەبێ تاران ئێستا لەسەر كورسی دەسەڵات نەدەبوو، هەرچەندە هاوكارییەكانی رووسیا لە دوو ساڵی رابردوودا رۆڵی گەورەیان لەو ئامانجەدا گێڕاوە.
ئێران لە داهاتوودا ئەو متمانەیە بەكاردەهێنێ كە دروستكردنی، نزیكەی 50 ملیار دۆلار لەسەر ئێران كەوتووە. بۆ ئەم مەبەستەش حیزبوڵڵای لوبنان و هەزاران میلیشیای شیعەی بیانی لە سووریا جێگیركراون كە نەك هەر پلانی هیلالی شیعی وەدی دێنن، بەڵكو لەناوەوە و دەرەوەی سووریا و تەنانەت لەناو حكومەتی سووریاشدا بەرژەوەندییەكانی ئێران دەپارێزن.