نوچەنێت-رووداو
بانکی ناوەندی عێراق هەموو بانکەکان لە عێراق ئاگاداردەکاتەوە کاری لقەکانیان لە هەرێمی کوردستان رابگرن، هۆشداریشیان پێدەدات، ئەگەر لەماوەی هەفتەیەکدا کارەکانیان هەڵنەپەسێرن، سزایان دەدات.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە حکومەتی عێراق، لە دژی ئەنجامدانی گشتپرسی باشووری کوردستان بۆ جیابوونەوە لە عێراق، لە 25-9-2017 دا، چەندین رێوشوێنی سیاسی و سەربازی و ئابووری بۆ فشارخستنەسەر هەرێمی کوردستان گرتوونەتەبەر و سوورە لەسەر ئەوەی ئەنجامی گشتپرسییەکە هەڵبووەشێندرێتەوە.
بانکی ناوەندی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا، کە ئاراستەی بانکەکانی کردووە، رایگەیاندووە “بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە 58 لە 12-10-2017 لەبارەی نەفرۆشتنی دراوی بیانی بەو بانکانەی لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە و بۆ بەردەوام بەشداربوونتان لە مەزادی فرۆشتنی دراوی بیانی، داواکارین ئاگادارمان بکەنەوە لەبارەی هەڵپەساردنی کاری لقەکانتان لە هەرێم تا ماوەیەکی دیارینەکراو، لە ماوەی هەفتەیەک لە رێککەوتی دەرچوونی ئەم نووسراوە”.
نووسراوەکە لە 7-11-2017 دەرچووە و لەلایەن جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق واژۆکراوە.