وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان وه‌ڵامی عه‌بادی ده‌داته‌وه

0

نوچەنێت

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەتی بە مەسەلەی کەرتی نەوت لە کوردستان و موچەی فەرمانبەرانی هه‌رێمی کوردستان،  وەڵامی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عیراقی دایه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8/11/2017 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، له‌ چه‌ند تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگەیاندوە “عەبادی ویەتی موچەی فەرمانبەران دەدات، بەڵام ئێستا پرسیار لە ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات”. 

سامانە سرووشتییەکان لە توویتەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی وردبینیکراوی موچەخۆرانی ئامادەیە، کە لەڕێی پرۆسەی بایۆمەتری ئامادەکراوە و پرسیار لە عەبادی دەکات، ئایا ئامادەیە موچەکانیان بەتەواوەتی بدات؟

لە بارەی ویستی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رونیکردووەتەوە، بەپێی ماددەی 115 و 121 دەستوری عێراق، یاساکانی هەرێمی کوردستان باڵادەستن جگە لەو یاسانەی پەیوەستن بە دەسەڵاتی رەهای حکومەتی فیدراڵ، کە لە ماددەی 110 دا هاتووە و هیچ باسێکیش لە چۆنیَتی بەڕێوەبردنی نەوت لەو ماددەیەدا نەکراوە.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، کە جگە لە حکومەتی فیدراڵی، هەرێمیش دەسەڵاتی هەیە لە بەڕێوەبردنی نەوتدا، لەبەرئەوە دەبێت کەرتی نەوت بە هاوبەشی بەڕێوەببرێت.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پرسیار دەکات و ده‌ڵێت، ئایا حکومەتی عێراق ئامادەیە حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان بدات، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن؟ دەشڵێت “ئەگەر عێراق ئامادە نەبێت حەقدەستی ئەو کۆمپانیایانە بدات، ئایا کۆمپانیا نەوتییەکان بە بەلاش دەتوانن بەردەوامبن لە بەرهەمهێنانی نەوت”؟

لە تویتێکی دیکەشدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پرسیارێکی دیکەی کردوه‌ و گوتویه‌تی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەندین ساڵی داهاتوو لە چوارچێوەی پێشفرۆشکردنی نەوتدا لەگەڵ کڕیارانی رێککەوتووە، ئایا بەغدا بیری لە ئاکامە یاساییەکانی ئەمە کردووەتەوە؟

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com