بارزانی: ئەنجامدانی گشتپرسی داهاتووی گەلی کوردی مسۆگەر کرد

0

نوچەنێت-رووداو

مەسعود بارزانی رایدەگەیەنێت، ئەگەرچی لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسی هەندێک بەربەست هاتوونەتە پێشەوە، بەڵام داهاتووی گەلی کوردی مسۆگەر کردووە. دەشڵێت “تاکە هەڵەی کورد ئەوە بووە، پرۆسەکە لەکاتێکی زووتردا ئەنجام نەدراوە”.

مەسعود بارزانی، سەرپەرشتی ئەنجامدانی گشتپرسی کرد لە رۆژی 25-9-2017 و نزیکەی 93% ی بەشداربووانیش بە بەڵێ دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە عێراق دا. بەڵام بەهۆی رێککەوتنی بەشێک لە بەرپرسانی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گەڵ حکومەتی عێراق و بەرپرسە سەربازییەکانی ئێران، کەرکوک رادەستکراو و فشارەکانی بەغدا لە دژی هەرێم زیادی کرد، تا دواجار حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری سڕکردنی ئەنجامی گشتپرسییەکەی دا.

مەسعود بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکی رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنی کەرکوک بە سەرکردایەتی ئێران، بە ئاگاداری بەرپرسانی بەریتانیا و ئەمریکا بووە. گوتووشیەتی بڕیارەکانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە دەدرێن.

بارزانی ئاماژەی بەوە داوە، کە تاوەکو دەرفەتێک هەبێت کورد هەوڵدەدات رێگە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ سوپای عێراق بگرێت، جەختی لەوەش کردووەتەوە، هیچ هەوڵێک ناتوانێت ناسنامەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت.

بارزانی راشیگەیاندووە، ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانن رێگە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەنێوان هەولێر و بەغدا بگرن، ئەگەر هەر شەڕێکیش رووبدات، دیارە لەلایەن ئەوانەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە.

بە ئاماژەکردن بەوەی بڕیاری گشتپرسی هی ئێستا نەبووە و بڕیارەکە لە نێوەڕاستی 2014 بە دەستەجەمعی لەلایەن سەرجەم پارتە سیاسییەکانی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانەوە دراوە، بارزانی گوتوویەتی “هۆکاری ئەنجام نەدانی پرۆسەکە لەو کاتەدا شەڕی داعش بوو، تاکە هەڵەی کوردیش ئەوە بوو گشتپرسییەکە لەکاتێکی زووتردا ئەنجامنەدرا”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com