نوچەنێت
ئاری هەرسین فراکسیۆنێکی نوێ رادەگەیێنێت و دەڵێ “ئەمە ئینشقاق نییە لە پارتی، بەڵکو خۆجیاکردنەوەمانە لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان”، هۆکاری راگەیاندنی فراکسیۆنەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە “تائێستا حزبێک نییە نوێنەرایەتی خەڵکی کورد بکات، هەموو حزبەکان کوردستانین، پێیان عەیبە بڵێن من کوردم، نەوەک عەرەبێک پێیبڵێت تۆ کەسێکی شۆڤێنیت”.
ئاری محەممەد هەرسین، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا فراکسیۆنی نەتەوەیی راگەیاند و نامەیەکی ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد.
لە وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەنوساندا لەبارەی جیابوونەوە و راگەیاندنی لیستێکی نوێ و هۆکارەکانی، ئاری هەرسین رایگەیاند “ئەمە ئینشقاق نییە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆیە من هەوڵنادەم خەڵک و ئەندام لە کەس بکەمەوە، بەڵام هەر کەسێک، کە ئەو بیروباوەڕەی ئێمە شەیر بکات و هاوبیرمان بێت لە خزمەتیدا دەبین”.
ئاری هەرسین جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەوەی ئەو کردوویەتی “ئینشقاق نییە لە پارتی، بەڵکو خۆجیاکردنەوەمانە لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، هۆکاری راگەیاندنی ئەو فراکسیۆنەش بەڕاستی لە کوردستاندا وەکو کوردبوون شەرم بێت، هەتا ئێستا حزبێک نییە نوێنەرایەتی خەڵکی کورد بکات، هەموو حزبەکانی کوردستانین، بە پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ و هەموویانەوە، بەڵام پێیان عەیبە بڵێن من کوردم، نەوەک عەرەبێک لە نەجەف یان توونس یان لە مەغریب پێیان بڵێت تۆ کەسێکی شۆڤێنیت، بۆیە وەکو چۆن خەڵکێک مافی خۆیەتی بڵێت من فارسم، من ئینگلیزم، من فەرەنسیم، منیش مافی خۆمە بڵێم من کوردم، من محامی خەڵکی تورکمان نیم لە هەولێر و کەرکوک و ئەمانە”.
ئاری هەرسین دەڵێت “ئەگەر پەنجەی مەسیحییەک لە کوردستان تای لێبێت، لە پاپای رۆماوە و ئەو هەموو وڵاتە مەسیحییە ئامادەن بەرگری لێبکەن، ئەگەر عەرەبێک لە شوێنێکدا زوڵمی لێبکرێت 22 وڵاتی عەرەبی هەن بەرگری لێبکەن، ئەگەر تورکمانێک لە هەولێر و کەرکوک خوانەخواستە مافی پێشێل بکرێت بە تورکیا و ئازەربایجان و تورکمانستانەوە پشتی دەگرن، ئەی کێ بەرگری لە کورد بکات؟ بۆیە فراکسیۆنی نەتەوەیی جەخت لەسەر مافەکانی خەڵکی کورد دەکاتەوە بە تەنیا”.
ئاری هەرسین لەبارەی هەڵوێستی پارتیش لەسەر راگەیاندنی ئەو فراکسیۆنە نوێیە گوتی “مەکتەبی سیاسییم لەو بابەتە ئاگادارکردووەتەوە، ئەوان رێز لەو بڕیارەی بەندە دەگرن، منیش زۆر زۆر سوپاسیان دەکەم”.
سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی فراکسیۆنەکەیشی ئاری هەرسین رایگەیاند: “فراکسیۆنەکە تاوەکو ئێستا بەس خۆمم، رەنگە خەڵکی دیکە هەبێت لەنێو پەرلەمانی کوردستان ئیدی شەرم لەوە نەکات کە کورد بێت و هاوبیری ئێمە بێت، ئێمە لە خزمەتیداین. ئەگەر ئەمە بەرهەمی هەبێت و لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بێت، ئەوسا دەتوانین بیر لەوە بکەینەوە فۆرمێکی بدەینێ لە شێوەی حزب و قەوارەیەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو”.
دەقی نامەکەی ئاری هەرسین بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان:
بۆ بەڕێزان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
سڵاوی گەرم
لەم بارودۆخە سەخت و ئاڵۆزەی نەتەوەکەمان جێبەجێکردنی موئامەرەی ترسناک و بەرنامە بۆداڕێژراو لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان و ئاغا ئەجنەبییەکانیان بە تایبەتی بەریتانیا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان رادەگەیێنین، بەوەش هیچ پەیوەندییەکمان بە بەڕێزان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نامێنێت.
داوا لە بەڕێزتان دەکەین لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و پرۆتۆکۆلی باو، بفەوموون بە هەنگاونان بە تۆمارکردنی ئەم فراکسیۆنە، هەرچی هەڵبژاردنی دەستەواژەی فراکسیۆنی نەتەوەیی یاخود لیستی نەتەوەییە ئێمە پابەندی پەیڕەوی ناوخۆ دەبین، لەگەڵ ئەوپەڕی رێزماندا…
سەرفرازبێت نەتەوەی کورد
ئاوەدان بێت خاکی پیرۆزی کوردستان
ئاری محەممەد هەرسین
4ی نۆڤەمبەری 2017