نوچەنێت
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە كۆتایی هەفتەی رابردووە نووسراوی بە پارێزگاربوونی هەڤاڵ ئەبوبەكر لە سلێمانییەوە گەیشتووە، وەزیری ناوخۆ واژۆی لەسەر کردووە.
دوای ئەوەی مەسعود بارزانی داوای كرد چیدی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی درێژ نەكەنەوە و دەسەڵاتەكانیشی بەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەریدا دابەش بكەن، بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بە ئامادەكاری کردووە بۆئەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە یەكێتی وەربگرێتەوە و هەڤاڵ ئەبوبەکر بکاتە پارێزگار.
د.سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند “لە كۆتایی هەفتەی رابردووە نووسراوی بەپارێزگاربوونی هەڤاڵ ئەبوبەكر لە سلێمانییەوە گەیشتووە، وەزیری ناوخۆ واژۆی لەسەر کردووە و هەر ئەمڕۆ ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەكەین، دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی واژۆی کرد و لە ئەنجومەنی وەزیران گەڕایەوە، فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ دەردەكەین”.
بەپێی بڕگەی سێی ماددەی 18 لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بۆ دەستبەكاربوونی پارێزگار پێویستە مەرسومێكی هەرێمی لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە دەربچێت، بەڵام پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان چەندینجار رایانگەیاند، كە ویلایەتی بارزانی كۆتایی هاتووە، بۆیە ئامادەنین دان بە مەرمووسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا بنێن بۆ دەستبەكاربوونی هەڤاڵ ئەبوبەكر.
هەڤاڵ ئەبوبەکر:
– 1971 لەدایکبووە.
– دکتۆرای هەیە لە رۆژنامەوانی.
– مامۆستای زانکۆی سلێمانی بووە.
– ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانە.
– سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بووە.
– لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 2014 زیاتر لە 250 هەزار دەنگی هێنا.