نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێش ئەوەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بخرێتە دەنگدان، پێویستە کورد کارتی فشاری خۆی بەکار بێنێت. دەشڵێت “هەر گۆڕانکاریەك لە بودجەدا بکرێت لە پەرلەمان، دەبێت حکومەتی ناوەندی قبووڵی بکات”.
رۆژی یەكشەممە 5-11-2017، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی حکومەتی کوردستان، پرۆژەیاسایی بودجەی 2018ی پەسەندكرد، بەپێی ئەو بودجەیەش، پشكی هەرێمی كوردستان لە 17% بۆ 6. 12% كەمكراوەتەوە، هاوکات حکومەتی ههرێمی کوردستانیش داواى ههمواركردنهوهى رهشنووسى بودجهى فیدراڵى عێراق دهكات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لە بودجەی 2018ی عێراق رایگەیاند: پێش ئەوەی پرۆژەیاساکە بخرێتە دەنگدان، پێویستە کورد کارتی فشاری خۆی بەکار بێنێت، بۆ رێگریکردن لەتێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە بەم شێوەیەی ئێستا، ئەوەیش لەرێگەی هێنانە سەر خەتی دۆستانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، بۆ فشارکردن لەحکومەتی ناوەندی. گوتیشی “دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیەکی جددی، راشکاوانە و شەفاف بکات لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عێراق، بۆچارەسەرکردنی کێشەکان”.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئاماژە بەوە دەکات، هەر گۆڕانکاریەك لەبودجەدا بکرێت لە پەرلەمانی عێراق، پێویستە حکومەتی ناوەندی قبووڵی بکات. هەروەها گوتی “دەکرێت ئێمەش لەرێگەی بایکۆتکردنی ئەندامانی پەرلەمان و دەنگ هەڵبڕین و گفتوگۆکردن بتوانین فشار بکەین، بەڵام لەبەر ئەوەی ماوەیەکە ئەوان بە شێوەی زۆرینە کار دەکەن، رەنگە لە دەستیان بێت پڕۆژە یاساکە بەزۆرینە تێپەرێنن”.
د. موسەننا ئەمین دەڵێت “هەموو فشارێك، بەکار دێنین بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بەشێوەیەك تێپەڕێت، بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی تیابێت و موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات. هەروەها بەشێکیشی بۆ پەرەپێدان و داهێنانی پارێزگاکانی هەرێم تیابێت”.