نوچەنێت
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، بەهۆی هێرشی حەشدی شەعبییەوە، بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە 60 پێشمەرگە شەهید و زیاتر لە 150 ی دیکە بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەكشەممە 5-11-2017، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وێڕای ئەوەی شەڕی رەتکردەوە و ئامادەیی بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەربڕی، رایگەیاند “کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا سیاسین نەک سەربازی”.
جەبار یاوەر گوتیشی “هێزی سەربازی کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و چارەسەریان ناکات، چونکە بەکارهێنانی هێز کارتێکی کاتییە”.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەی شەهیدانی پێشمەرگەی بەهۆی هێرشی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بۆ کەرکوک و دەورووبەری ئاشکراکرد و گوتی “بەداخەوە 60 پێشمەرگە شەهید و زیاتر لە 150 ی دیکە بریندار بوون”.