تورکیا: دەبێت پشکی 17% بدرێتەوە بە کوردستان

0

نوچەنێت-رووداو

گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، نامانەوێ کارێک بکەین کە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە هاوڵاتی و شەقامی ئەوێ (باشووری کوردستان). دەشڵێت “بۆری نەوتمان رانەگرتووە و چاوەڕوانین داهاتەکەی بچێتەوە بەغدا و پشکی 17% بدرێتەوە بە کوردستان”.

ئەمە لەکاتێکدایە بەغدا لە رەشنووسی بودجەی 2018 دا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ 12.67 کەم کردۆتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرانبەردا ناڕەزاتەی دەربڕی و داوای لە بەغدا کرد پەسەندی نەکات.

ئیبراهیم کاڵن، گوتەبیژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لەمیانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی تایبەت بە رۆژەڤی ناوچەکە، باسی لە پرسی گشتپرسی باشووری کوردستان و کاردانەوەکانی تورکیا کرد.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا لەمبارەیەوە گوتی “ئێمە گوتوومانە تەنیا سڕکردن چارەسەر نییە. ئێستا ئیدارەی هەولێر دەڵێ، سەیرکەن هیچ گۆڕانکارییەکی کرداری رووینەدا، دەوڵەت رانەگەیێندرا، بێگومان بەکارهێنانی ئەنجامی گشتپرسی وەکو کارتێک، بۆ داهاتووی عێراقیش دەبێتە کێشە. ئێستا چاوەڕوانیی ئێمە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسییە، ئیدی هەولێر ئەمە بە چ شێوەیەک ئەنجام دەدات و چۆن بۆ گەلەکەی رووندەکاتەوە، ئەوە تایبەتە بە خۆی”. 

ئیبراهیم کاڵن هەروەها لەبارەی گەمارۆکانی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان گوتی: ”بێگومان ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی گشتپرسی زنجیرەیەک گەمارۆمان سەپاند، هەروەک دەزانن کایەی ئاسمانی و فڕینەکانمان داخستن، پەیوەندیی نێوانمان سڕکرا، لێرەدا ئێمە گوتمان نامانەوێ کارێک بکەین کە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە هاووڵاتی و شەقامی ئەوێ (باشووری کوردستان) ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێویستییەکانی خەڵکی ئەوێ(باشووری کوردستان)، لە خاڵی سنووریی پێشخابوور درێژەی هەیە”. 

کاڵن گوتی “هەروەها ئێمە داوامانکرد خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل رادەستی بەغدا بکرێت یان بە هاوبەشی بەڕێوەببرێت، بۆ ئەوەی دانەخرێت و وەکو ئێستا بەردەوام بێت. ئێستا ئەمە کاری بۆ دەکرێت، ئەگەرچی قسە و باسی جۆراوجۆر بۆ ئێمە دێن. گوایە رادەستکراوەتەوە یان نەکراوە، یاخود دەڵێن نایدەن و رێگە بەمە نادەن! بێگومان ئەگەر لەنێوان خۆیاندا رێکبکەون ئەو خاڵە سنوورییە داناخرێت”. 

لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاندووە “تاوەکو ئێستا بۆریی نەوتمان دانەخستووە، چونکە بەپێی دوایین لێکۆڵینەوە داهاتەکەی بۆ ئیدارەی بەغدایش دەچێت و ئیدارەی بەغدا دەبێت پشکی 17% بۆ هەولێر بنێرێت، جا ئێمە گوتمان ئەم میکانیزمە جێبەجێ بکەن. لەم خاڵە هەنووکەییەدا لە پەیوەندییەکی هەوراز و نشێودان، رۆژێک دیدار ساز دەدەن و دواتر دەیپچڕێنن. جگە لەوە لە ناو هەولێریشدا چەند کێشەیەک هەن. ئێستا ماوەی دەسەڵاتەکەی مەسعود بارزانی درێژ نەکرایەوە، بەشێک لە دەسەڵاتەکەی بە سەرۆکوەزیران، نێچیرڤان بارزانی و بەشێکی بە پەرلەمان درا. ئەم قۆناخە لەمەودوا چۆن جێبەجێ دەکرێت، پێویستە ئێمە بیبینین. لە ئەنجامدا دەمەوێ بڵێم ، ئێمە لەگەڵ کوردی عێراق هەمیشە لە پەیوەندیی باشدا بووین، تەنانەت لەکاتە سەختەکانیشدا. ئەم هەڵوێستەمان نەگۆڕاوە. بەڵام نەدەکرا بیر لە بێدەنگبوونی ئێمە بکرێتەوە، لەبەرامبەر هەڵەیەکی وەهادا”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com