تایبەت: نوچەنێت
ئەندام پەرلەمانێکی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە و لەناو کوردیش دا پشکی یەکیتییە و دەشڵێت “هیچ کەس و لایەنێك بۆی نییە ئەو پۆستە لەیەکێتی وەربگرێتەوە”.
لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر و دوای دەرکردنی د. نەجمەدین کەریم، لەپۆستی پارێزگاری کەرکوك، کە لەپشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، تاوەکو ئێستا ئەو پۆستە لەلایەن یەکێتییەوە پڕانەکراوەتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محمەد عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوك رایگەیاند: بەپێی دەستوری عێراق و ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن، کە سیستەمێکی دیموکراسییە، مامەڵە دەکەین و قبووڵی دەکەین، هەر بەپێی ئەوەش دەچینە دانوستانەوە، بەپێی ئەمەش بێت، پۆستی پارێزگار پشکی کوردە و لەناو کوردیشدا پشکی یەکیتییە. گوتیشی “دەبێت هەموو لایەنەکان باوەڕیان بەم راستییە هەبێت، هەرلایەنێکیش باوەڕی بەمە نەبێت، دەبێت بڵێت باوەڕم بە پڕۆسەی دیموکراسی، هەڵبژاردن و پێکەوە کارکردن نییە”.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی هۆشداریدا لەوەی، کە ئەگەر لە حاڵەتێکدا پۆستی پارێزگاری کەرکوک، لە دەرەوەی یاسا، سیستەم و گفتوگۆ بدرێت بە بەرەی تورکمانی، ئەوکاتە کورد لە پڕۆسەی سیاسی کەرکوك دەکشێتەوە. هەروەها دەبێت حکومەتی عێراقی جددی بێت لەیەکلایی کردنەوەی پۆستەکان، بۆئەوەی دەستبکرێت بەجێبەجێکردنی لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بەشێوەیەکی گشتی، بەدووز خورماتوویشەوە”.
هەروەها گوتی “ئێمە پێمان خۆشە سەرجەم لایەنە کوردستانیەکانی لیستی برایەتی، بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەنەوە لەکەرکوك. ئەو لایەنانەش، کە نایانەوێت بەشداربن رەنگە ئامانجێکی دیکەیان هەبێت و بیانەوێت ئەو پۆستانە لەدەستی کورد نەبێت و بیدەن بەلایەنێکی غەیری کورد”.