تایبه‌ت: نوچه‌نێت
سكرتێری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی هیچ مۆڵه‌تێكی نه‌داوه‌ته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. ده‌شڵێت “ئه‌وه‌ی باسی مۆڵه‌تی 15 رۆژی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌كات بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، له‌سه‌ر ئاستی تاكه و بڕیاری ئه‌نجومه‌ن نییه”.
هه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له دانیشتنی ئاسایی خۆی دا، بڕیاری دا چه‌ند داوایه‌ك ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ باشكردنی بژێوی دانیشتوانی پارێزگاكه و پێدانی موچه‌ی فەرمانبه‌ره‌كانی.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، مه‌هدی مه‌حمود، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، سه‌باره‌ت به پێدانی مۆڵه‌تێكی 15 ڕۆژە به حكومه‌تی هه‌رێم بۆ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سنوره‌كه ڕایگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی هیچ مۆڵه‌تێكی دیاریكراوی نه‌داوه‌ته حكومه‌ت بۆ پێدانی موچه‌و ئه‌وه‌ی، كه له راگه‌یاندنه‌كان باسی مۆڵه‌تی 15 ڕۆژی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات به هه‌ڵه رۆشتووه، ئه‌وه بڕیاری ئه‌نجومه‌ن نییه، به‌ڵكو لێدوانی کەسییه. جەختیشی کردەوە “هیچ مۆڵه‌تێكمان نه‌داوه‌ته حكومه‌تی هه‌رێم”.
مه‌هدی محمود ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، هیچ بڕیارێك نییه، كه ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به جیا، له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بكات، چونكه به پێی یاسا، پارێزگای سلێمانی سه‌ربه حكومه‌تی هه‌رێمه و له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان دایه. هەروەها حكومه‌تی ناوه‌ندیش ناتوانێت مامه‌ڵه‌ی پارێزگا له‌گه‌ڵ سلێمانی بكات، چونكه هه‌رێمی كوردستان سی پارێزگایه و حكومه‌تی هه‌رێمی هه‌یه.