نەوشیروان مستەفا: هاوشانی بە دیموکراتیزەکردنی کوردستان، سازش لەسەر کەرکوک ناکەین

0

پەیامی نەوشیروان مستەفا، بۆ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە سنوری پارێزگای کەرکوک و شاری دوزخورماتو
هاوڕێیانی بەڕێز
هەڵسوڕاوانی ئازای بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای کەرکوک و شاری دوزخورماتو

ئەم هەینییە پێکەوە، هەنگاوێکی تر دەنێین بەرەو هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری بازنەکان و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری رایەڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە سنوری پارێزگای کەرکوک و شاری دوزخورماتو.
هیوادارم ئەم هەنگاوەی ئێوە، کە بۆ خۆڕێکخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە، هاندەرێک بێت بۆ ئامانجێکی باڵاتر کە بریتییە لە چەسپاندنی سەرەتاکانی یەکترقبوڵکردن، فرەیی سیاسی و نەتەوەیی، لێبوردەیی ئاینی و کۆمەڵایەتی لەنێوان هاونیشتمانانی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکاندا بەگشتی.

لە دروستبونی دەوڵەتی نوێی عێراقەوە تاوەکو ئەمڕۆ، ململانێی سەرەکی نێوان گەلی کوردستان و رژێمە یەک لەدوا یەکەکان لەسەر دیاریکردنی سنوری جوگرافیی کوردستانی باشور بوە. چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کرۆکی چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کوردستانە لە عێراقدا، هەربۆیە گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بۆ باوەشی‌ هەرێمی کوردستان ئامانجێکە بزوتنەوەی گۆڕان سازشی لەسەر ناکا، کە هاوشانی ئامانجی دیموکراتیزەکردنی سیستمی سیاسیە لە هەرێمی کوردستاندا.

چەسپاندنی دیموکراسی لە کوردستاندا، بە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانیشەوە، پێویستی بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی چەمکی کوردستانیبونە، بەجۆرێک کوردستانیبون ببێتە پێناسێکی کۆکار، کە کورد و تورکمان و عەرەب، موسڵمان و مەسیحی و کاکەیی و ئێزدی، شیعەو سوننە، حیزبی و ناحیزبی پێکەو کۆبکاتەوە…. ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆی ئێوەش.. هەنگاوێکی ترە بەرەو ئەو ئامانجە.

داواکارم لە هەمو بەشداران، سەرپەرشتیاران، پاسەوانان، کاندیدو دەنگدەرانی پرۆسەکە.. کار بۆ سەرخستنی بکەن و پابه‌ند بن به‌ رێنماییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌.
به‌هیوای‌ سه‌ركه‌وتن و ئه‌نجامی‌ باش.

هاوڕێتان
نه‌وشیروان مسته‌فا
رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان
حوزه‌یرانی‌ 2012

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com