تیلێرسۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی: پشتگيری مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانین

0

نوچەنێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، نيگه‌رانی خۆى له‌ گرژييه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ردەبڕێ و پشتگيری وڵاتەکەیشی ‌بۆ مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دووپاتدەکاتەوە‌. 
 
رۆژی هه‌ينى 3-11-2017، رێكس تيله‌رسن، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا و نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و گرژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیان تاوتوێکرد.

بەپێی راگەیەندراوێک لە نوسینگەی نێچیرڤان بارزانییەوە، رێکس تیلەرسن نيگه‌رانی خۆى له‌ گرژييه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕیوە و پشتگيريى وڵاته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ريكاى بۆ مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان لە چوارچێوەی‌ عيراقدا دووپاتكردووەته‌وه‌. 

هه‌روه‌ها هيواى خواستووە ئه‌و ئاگربه‌ست و ديالۆگه‌ مه‌يدانييه‌ى له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراقی فيدراڵدا هاتووەته‌ ئاراوه‌، ببێته‌ ديالۆگێكى سياسى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق.

لەبەرامبەردا نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕينى نيگه‌رانى له‌ هه‌وڵه‌كانى عێراق بۆ به‌رده‌واميدان به‌ پێشڕه‌وی سه‌ربازى، هه‌موو ئاماده‌ييه‌كى هه‌رێمى كوردستانی بۆ ده‌ستپێكردنى ديالۆگێكى سياسى له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنى ئاشتیيانه‌ى كێشه‌كان دووپاتكردووەتەوە‌‌، هيوایشی خواستووە ئه‌مه‌ريكا به‌تايبه‌تى و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌گشتى عێراق بۆ گفتوگۆ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ گرتنه‌به‌رى رێکكارى سه‌ربازى هانبده‌ن.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جه‌ختى له‌وەش‌ كردووەته‌وه‌، كه‌ هه‌رێمى كوردستان شه‌ڕ و پێكدادانى ناوێت، چونكه‌ هيچ شتێك چاره‌سه‌ر ناكه‌ن، به‌ڵكو ده‌يه‌وێت هه‌موو كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوەندی چاره‌سه‌ر بكات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com