نوچەنێت
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانەی راگەیەندراوەکەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەکات و راگەیێندراوەکە بە “بێبنەما ناودەبات”.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو راگەیەندراوەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەوە دەردەخات، کە عێراق لەگەڵ گفتوگۆی تەکنیکی نییە لەنێوان تیمەکانی هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوەکەدا راشیگەیاندووە، لە 31-10-2017ـەوە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەم خاڵانەیان پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵی عێراق کردووە.
1- ئاگربەست لە هەموو بەرەکان
2- هاوئاهەنگی بەردەوام و بوونی میکانیزمی هاوبەشی ئەمنی و سەربازی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق لە شەڕی بەردەوام دژ بە داعش.
3- جێگیرکردنی هێزی هاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکان، تاوەکو ماددەی پەیوەندیدار (بەم ناوچانە) لە دەستووری عێراق جێبەجێدەکرێت.
4- دەستپێکردنی دانوستاندنی سیاسی، دروستکردنی چەند لیژنەیەک لەنێویاندا لیژنەی ئیداری، یاسایی و سەربازی بە گونجاندن لەگەڵ دەستووری عێراق و لەژێر چاودێری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا.
5- بوونی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە، سوپای عێراق و نوێنەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە پێشخابوور- وەک نیازپاکییەک و دروستکردنی متمانە. هەروەها بوونی دڵنیایی لە رێککەوتنێکی سنووردار و کاتی تاوەکو بە گونجاندن لەگەڵ دەستووری عێراق رێککەوتنێک ئەنجامدەدرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت “پێشوازی لە ئاگربەستی هەمیشەیی لە هەموو بەرەکان وەستاندنی رووبەڕووبوونەوەی هێزەکان و هەروەها دەستپێکردنی گفتوگۆی سیاسی بە نیەتێکی باش، لەسەر بنەمای دەستووری عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین”.
وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتیدەکاتەوە “گفتوگۆی سیاسی تاکە رێگەیە بۆ دامرکاندنەوەی دۆخەکە، نەک هەڕەشە و تۆمەتی بێبنەما”. جەختیشیکردووەتەوە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ گفتوگۆی بێمەرجە بۆ چارەسەکردنی کێشەکان.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەکات هەڕەشە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی بە چەکی قورس، لەنێویاندا چەکی ئەمریکی پڕ چەک کراون (لە دژی هەرێمی کوردستان)، کە ئەوەش پێشلکارییەکی ئاشکرای دەستووری عێراقە، کە تێیدا هاتووە “نابێ هێزی چەکدار بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە نێوخۆییەکان بەکاربهێندرێن”.
وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتیکردووەتەوە، هێزەکانی پێشمەرگە لە پێگەی بەرگریدان بۆ پارێزگاریکردن لە شکۆی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەردەوامیش دەبن لە پارێزگاریکردن لە ژیان و بەرژوەندییە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.