تێریزا مەی داوای سازانی سیاسی دەستبەجێی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات

0

نوچەنێت-رووداو

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی رووداوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق، لەوەڵامی پەرلەمانتارێکی ئەو وڵاتە، داوای “سازانی سیاسی دەستبەجێ”ی کرد و دەڵێت “بۆ پرسی سەربەخۆیی دەبێ کورد لەگەڵ بەغدا دانوستاندن بکات”.

لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی حکومەت و پەرلەمانی بەریتانیا، تێریزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی پرسیاری دوا پێشهاتەکان لەبارەی رووداوەکانی نێوانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق، وەڵامی پرسیاری جاک لۆپرێستی، پەرلەمانتاری پارتی پارێزگارانی دایەوە.

جاک لۆپرێستی، کە مانگی رابردوو لە کوردستان بوو، دوای بەرزنرخاندنی رۆڵی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و گۆڕینی هاوسەنگی جەنگ، رایگەیاند “ئەو رۆڵەی پێشمەرگە پیشانیدا لە شەڕی دژی داعش کاریگەر بوو، سەقامگیری بۆ شەقامەکانی بەریتانیاش گەڕاندەوە”.

ئەو پەرلەمانتارەی بەریتانیا مانگی رابردوو بۆ چاودێری گشتپرسی لە کوردستان بوو، وەک خۆی رایگەیاند “پەرۆشی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بۆ سەربەخۆیی و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بە چاوی خۆی بینیوە”.

جاک لۆپرێستی بە سەرۆکوەزیرانرانی وڵاتەکەی راگەیاند، دوای گشتپرسیی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، میلیشیاکانی سەر بە ئێران و سوپای عێراق هێرشدەکەنە سەر پێشمەرگە، “ئەوەش بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراوە نییە”. ئەو پەرلەمانتارە داوای هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی “خواستی دیموکراتی کورد بۆ سەربەخۆیی کرد” و داوا وەڵامی لە تێریزا مەی کرد.

لە وەڵامدا تێریزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند “لەبارەی هەرێمی کوردستان، پێشتر پێداگیریمان کردبوو لە هەڵوێستەکانمان بەوەی، کە پرسی سەربەخۆیی دەبێت سەرکردایەتی کورد لەگەڵ بەغدا دانوستاندن بکەن و ئەو پرسە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێ. بۆیە داوای دەستبەجێی سازانی سیاسی دەکەین. هەروەها داوای هێوربوونەوەی هەردوولایەن دەکەم بۆ ئەوەی دیالۆگ دەستپێبکات و کێشەکان چارەسەر بکرێن”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com