نوچەنێت
وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، هێزی پێشمەرگە لە شوێنی خۆی بەرگری لە ئیرادە و شکۆی ملیۆنان رۆڵەی گەلی کوردستان و ژیان و موڵک و ماڵ و شەرەفیان دەکات.
رۆژی چوارشەممە 1-11-2017، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، سەرکردە و شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بەتەواوی پاشگەزبوونەوە لەو رەشەنووسەی لەسەری رێککەوتبوون. راشیگەیاند: “هەرێم بەدرێژایی ئەو ماوەیە هێزەکانی جوڵاندووە و هێڵی بەرگریی نوێی دروستکردووە”.
هەر ئەمشەو وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیەندراوێکدا وەڵامی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقی دایەوە و رایگەیاند “پێشمەرگە قارەمانەکان لە شوێنی بەرگری خۆیانن و بەرگری لە ئیرادە و شکۆی ملیۆنان رۆڵەی گەلی کوردستان و ژیان و موڵک و ماڵ و شەرەفی دەکەن بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەو چارەنووسە رەشەی کە شایستەی ئەوەنەبوون هاونیشتمانیانی دووزخورماتوو، داقوق، کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ناوچە کێشەلەسەرەکان بەسەریان بێت”.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە “لە هەموو کاتێکدا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ دانوستاندن و چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەی دیالۆگی سیاسی، ئێمە لەهەمانکاتدا ئیدانەی شێوە و نێوەڕۆک ئەو بەیاننامەیە دەکەین، دووپاتیدەکەینەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆڕاگرە لە شوێنی بەرگری، بەڵام دوودڵ نیین لە بەرگریکردن لە ژیان و بەرژەوەندییە دەستوورییە راوەکانی رۆڵەکانی گەلی کوردستان و، جارێکی دیکە دووپاتیدەکەینەوە تاکە رێگا چارەسەرکردنی کێشەکانە بە دیالۆگی سیاسیی بیناتنەرانە نەک زمانی درۆ و هەڕەشە”.
دەقی راگەیەندراوکە:
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەیاننامەیەکی دوور لە هەموو راستییەکی دەرکردووە و بانگەشەی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ شاندی تەکنیکی دانوستانکاری هەرێم دەکات، هەموو کارەکە ئەوەبووە، نامەیەک لە لەلایەن فەرماندەیی هاوبەش رەوانەکراوە و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێشنیازەکانی هەرێم بۆ راگرتنی تەقە و جیاکردنەوەی هێزەکان و دەستکردن بە دیالۆگی سیاسی جددی بنیادنەرانە لەسەر بنەمای دەستوور و بەمەبەستی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان، لە نێویاندا بەرەکانی شەڕی نادەستووریی و سەپێندراو بەسەر پێشمەرگە و گەلی کوردستاندا.
وەک وەڵامێک بۆ ئەو خۆبەزلزانی و لەخۆباییە، کە داوای نادەستووری و نا واقعی دەکەن، کە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هاونیشتمانیان دروست دەکات، وێڕای هەڵبەستنی درۆ و بوختان و تۆمەتی پڕوپووچ بۆ هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە، بۆ زانین هێزی دەستدرێژکار بە تۆپی دوور هاوێژ و مووشەک هەوڵی پێشڕەوی دەدەن، بە ئامێر و کەرەستەی ئەمریکی دروستکراو، لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە و رێگانادات سوپا لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوخۆیی دا بەشدار و بەکاربهێنرێت.
پێشمەرگە قارەمانەکان لە شوێنی بەرگری خۆیانن و بەرگری لە ئیرادە و شکۆی ملیۆنان رۆڵەی گەلی کوردستان و ژیان و موڵک و ماڵ و شەرەفی دەکەن بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەو چارەنووسە رەشەی کە شایستەی ئەوەنەبوون هاونیشتمانیانی دووزخورماتوو، داقوق، کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ناوچە کێشەلەسەرەکان بەسەریان بێت.
لە هەمووکاتێکدا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ دانووستان و چارەسەری کێشەکان بە رێگەی دیالۆگی سیاسی. ئێمە لەهەمان کاتدا ئیدانەی شێوە و ناوەڕۆکی ئەو بەیاننامەیەش دەکەین، دووپاتیدەکەینەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆڕاگرە لە شوێنی بەرگری دا، بەڵام دوو دڵیش نییە لە بەرگریکردن لە ژیان و بەرژەوەندییە دەستوورییە رەواکانی رۆڵەکانی گەلی کوردستان.
جارێکی دیکە دووپاتیدەکەینەوە تاکە رێگا چارەسەرکردنی کێشەکان، دیالۆگی سیاسیی بنیادنەرانەیە، نەک زمانی درۆ و هەڕەشە و بەڵێنی بەتاڵ. لە کۆتاییدا لە چ وڵات و شوێنێکی جیهاندا هەیە، هێرشکار بە ستەملێکراو و بەرگریکاریش بە ستەمکار دابنرێت.