مەلا بەختیار: من قەت ناتوانم پاساو بۆ ھیچ کارەساتێک بھێنمەوە

0

نوچەنێت

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە یەکێتی بە فەرمی ڕێککەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ حکومەتی عێراق نەبووە. دەشڵێت “من قەت ناتوانم پاساو بۆ ھیچ کارەساتێک بھێنمەوە، ئەگەر حزبەکەم بە فەرمی بەرپرسیارێتییەکەی نەسەلماندبێ”.

لە ڕۆژی 16/10/2017 و لە کاتی هێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بۆ سەر کەرکوک و خورماتوو، پێشتر بەپێی رێککەوتنێک، گروپێکی نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، فەرمانیان بە بەشێک لە هێزەکانی سەر بە یەکەی 70ی پێشمەرگە کرد، بەرگری نەکەن و بەو هۆیەوە کەرکوک و خورماتوو و زۆر ناوچەی کوردستانی دیکە کەوتنە دەست میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و تاوانێکی زۆریان لەو ناوچانە ئەنجام دا و زیاتر 150 هەزار هاوڵاتیش ئاوارە بوون.

لەمبارەیەشەوە لە پەیامێکدا، کە ڕۆژی 18/10/2017 بڵاوی کردەوە، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی رایگەیاند “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی” کە مەبەستی لەو باڵەی یەکێتی بوو، کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ عێراق کردووە.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وتارێکدا، کە بە ناونیشانی (تۆمەتی خیانەت و تەمتومانی رۆژگار) لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممە 31/10/2017ی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)دا بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، 16ی ئۆکتۆبەر، کەتن و کەوتنێکی چاوەڕواننەکراو بوو، کە لە کەرکوک و سەراپای ناوچە کێشەلەسەرەکان، قەوما.

ئاماژەشی بەوە داوە، کە رەنگە ھەلومەرجی کەتنی 16ی ئۆکتۆبەر لەمێژوودا، دەگمەن بێ، کە حکومەتی عێراق توانی، بەدەر لە کەین‌وبەینی سازان بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک، پەلاماری فراوانی پارێزگاکە و ناوچەکانی تریشی دا. ئەوەش ناشارێتەوە، کە بەهۆی ئەو خیانەتەوە، کە مەلا بەختیار بە کەتن وەسفی دەکات، دەورووبەری نیوەی ڕووبەری باشووری کوردستان لەدەست دراوە.

مەلا بەختیار دەڵێت “من قەت ناتوانم پاساو بۆ ھیچ کارەساتێک بھێنمەوە، ئەگەر حزبەکەم بە فەرمی بەرپرسیارێتییەکەی نەسەلماندبێ، ئەوەی یەکێتی سەلماندویەتی‌ و رایگەیاندووە، تەنھاوتەنھا، پێشنیارەکانی کۆبوونەوەی دوای نیوەڕۆی 15ی ئۆکتۆبەری دووکانە کە رۆژی پێش پەلاماردانی کەرکووک بوو“. باسیشی لە وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە کردووە و نووسیویەتی ”لەم کۆبوونەوەیەدا، ھەموو پیشنیارەکانی بەغداد، بە ھێنانی لیوایەکی سەرۆک مام جەلال‌ و پێکھێنانی ھێزێکی ھاوبەشی عێراق، کوردستان، ئەمەریکا و بەریتانیا، لە کەیوان. ھەروەھا، گفتوگۆکردنی بێمەرج لەسەر بنەمای دەستوور. بەڵکو لەگفتوگۆشدا، ئەگەر حکوومەتی عێراق پابەندی چۆنایەتیی چارەسەرکردنی کێشەکان بێت، مەسەلەی ریفراندۆم کۆتایی پێبێت. جگە لەم رێکەوتنە کە دەستبەجێ لەناو کۆبوونەوەکە عەبادی لێ ئاگادارکرایەوە، ھیچ جۆرە ڕێکەوتنێکی تر، یان ھیچ جۆرە بەڵێنێکی تر، لەگەڵ ھەرلایەک کرابێ، یەکێتی وەکو سیاسەتی رەسمی، لێی بێبەرییە“.

بەڵگەشی بە ژمارەی شەهیدەکانی یەکێتی کردووە و گوتوویەتی، ژمارەی شەھیدەکان‌ و بەرەنگاری لەبەشێکی شەڕگەکاندا، دەیسەلمێنێ، کە یەکێتی بەرەسمی رێکەوتنی ژێربەژێری نەبووە. هەر لەو نووسینەیدا بە ئەرکی حزبەکەی دەزانێت “لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی دڵتەزێنی 16ی ئۆکتۆبەر بکات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com