نوچەنێت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، دەستخۆشی لە بڕیارەکەی مەسعود بارزانی دەکەین و بارزانی کەسایەتییەکی مێژوویی و سەرکردەیەکی ئازای گەلەکەیەتی. داواش دەکات لایەنە کوردییەکان پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بکەن.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند “دەستخۆشی لە بڕیارەکەی مەسعود بارزانی دەکەین بۆ درێژنەکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی. هاوکات دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق دەکەین، بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەسەر دامەزراوەکانی دیکەدا”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت “سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی مێژوویی و سەرکردەیەکی ئازای گەلەکەی خۆیەتی، بڕیارەکەشی بۆ درێژنەکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی، ئاماژەیە بۆ دەوڵەتمەداریەتی لە قۆناغێکی سەختدا”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردووەتەوە، ئەمریکا بە پەرۆشەوە کار لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەکات. “داواش لە لایەنە کوردییەکان دەکەین پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەو ماوەیەی ماویەتی و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن لە ساڵی 2018”.
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لە بڕیاری مەسعود بارزانی دەکات، کە نەیویست بۆ خولێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. ئەمریکا دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق دەکات بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی بەسەر دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی مێژوویی و سەرکردەیەکی ئازای گەلەکەیەتی، لەوانەش لە شەڕی هاوبەشمان بۆ تێکشکاندنی داعش. بڕیارەکە ئاماژەیە بە کارێکی دەوڵەتمەداری لەماوەی قۆناخێکی سەختدا.
ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان چاوی لەوەیە چالاکانە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کار بکات. حکومەتێکی هەرێمی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و فیدڕاڵدا بۆ سەقامگیریی ماوەدرێژی خۆی و تێکشکاندنی بەردەوامی داعش پێویستە.
داوا لە تەواوی پارتە کوردییەکان دەکەین پاڵپشتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن، کە کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسە یەکلایینەکراوەکان لەو ماوەیەی دەسەڵاتەیدا کە ماویەتی و هەروەها بۆ ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنەکان لە 2018دا.
داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لەژێر سەرکردایەتییە نوێکەیدا بەخێرایی کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێدراوەکان، لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا. ئێمە گەشبین بووین بەو دیالۆگە ئەمنییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا روویاندا، داوای کۆتاییهێنانیش بە سەرجەم رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانەکان دەکەین.
ئێمە هەروەها بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی سەرکردایەتییە بەهێزەکەی سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی، کە کار دەکات بۆ دڵناییدان لەبارەی بەزاندنی تەواو و یەکجارەکی داعش و عێراقێکی سەقامگیر لەدوای داعش. ئێمە پێشوازی لە دوا بڕیاری سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی دەکەین بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی نوێ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و رێگریکردن لە رووبەڕووبوونەوەی دیکە.
ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ چارەسەکردنی کێشەکان لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان، ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو لایەنەکان بڕواننە ئایندە و تیشک بخەنە سەر چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ناکۆکییەکان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا.