بارزانی: گەلی کورد لەگەڵ خوێنڕشتن نییە

0

نوچەنێت

مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق رایگەیاند، گەلی کورد لەگەڵ خوێنڕشتن نییە، بەڵام ئەگەر بەغدا لە شەڕفرۆشتن و شکاندنی کەرامەتی خەڵکی کوردستان بەردەوامبێت، ئەوا هێزی پێشمەرگە بە هەموو توانایەك بەرگری دەکات.

رۆژی دووشەممە 30- 10- 2017 لە پیرمام، مەسعود بارزانی لەگەڵ سیریل نان، باڵیۆزی ئەڵمانیا و بروونۆ ئۆبێرت، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و كوردستان و دوایین گۆڕانكارییەكان و هێرشی هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق بۆ سەر كوردستان تاوتوێكراوە. 

باڵیۆزانی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە عێراق وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە بارزانییان راگەیاندووە كە هەڵگری پەیامی دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەشی وڵاتەكانیانن بۆ خەڵكی كوردستان.

هەر لە دیدارەکەدا هەردوو باڵیۆزی ئەڵمانیا و فەرەنسا جەختیان لە بایەخ و پێگەی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە و راشیگەیاندووە، لە نزیكەوە چاودێریی بارودۆخەكە و هەموو جۆرە رێككەوتن و دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەن و هیوایان خواستووە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەربكرێن.

لەبەرامبەردا بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئەڵمانیا و فەرەنسای كردووە و بارودۆخی مەیدانی و دوایین پێشهاتەكان و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندەکە باسکردووە.

پەیوەست بە گرژی و پێكدادانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بارزانی رایگەیاندووە: “سیاسەتی هەرێم دیالۆگ و گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكانە بەشێوەیەكی ئاشتییانە، بەڵام ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە زمانی شەڕ و هەڕەشە و خۆسەپاندن و شكاندنی كەرامەتی گەلی كوردستان، ئەوا خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بە هەموو توانایەك بەرگری لە كەرامەت و شكۆی كوردستان دەكەن”.

بارزانی ئیجرائات و شەڕفرۆشتنی حكومەتی عێراق و میلیشیاكانی بە نایاسایی و نادەستووری وەسفكردووە و رایگەیاندووە، بەپێی دەستوور بەهیچ شێوەیەك نابێ هێزی سەربازی بۆ ناكۆكی سیاسی و لەدژی گەلی كوردستان بەكاربهێندرێت. 

بارزانی جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە گەلی کورد لەگەڵ خوێنڕشتن نییە و لە چەند رۆژی رابردوودا پێشڕەوی و نییەتی خراپی حكومەتی عێراق وایكرد پێشمەرگە بەرگری بكات و شەڕ بكات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com