سەنتەری میترۆ: تیرۆرکردنی ئەرکان شەریف تاوانێکی دیکی میلیشیاکان و سوپای عێراقە لە کەرکوک

0

نوچەنێت

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت، کە تیرۆرکردنی کامێرامانی کەناڵی (کوردستان تیڤی) زنجیرەکەی دیکەی تاوانەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە لە کەرکوک.

کاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 30/10/2017، چەکدارانی حەشدی شەعبی بە بەرچاوی هاوسەرەکەیەوە لە شارۆچکەی داقووق، بە چەقۆ بەربوونە گیانی ئەرکان شەریفی تەمەن 53 ساڵ، کە کامێرامانی (کوردستان تیڤی) بوو و شەهیدیان کرد.

سەنتەر میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان لە راگەیەندراوێکدا، شەهیدکردنی ئەرکان شەریف سەرکۆنە دەکات و داوا لە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکات، تیمەکانیان بنێرنە ناوچەکانی کەرکوک تا بە چاوی خۆیان قەبارەی ئەو تاوانانە ببینن، کە میلیشیاکان و سوپای عێراق بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل ئەنجامی دەدەن“.

لە راگەیەندراوەکەدا، سەنتەرەکە تاوانی شەهیدکردنی ئەو کامێرامانە بە ”تاوانێکی دیکی میلیشیاکان و سوپای عێراق لە کەرکوک و دەورووبەری دادەنێت، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لێ دەپۆشێت“.

دەقی راگەیەندراوەکەدا:

تازەترین تاوانی ژێر دەسەڵاتی عەسکەری، رۆژنامەنوسێک بوو

٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت، تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس ئەرکان شەریف، زنجیرەیەکە لە تاوانەکانی دەسەڵاتی عەسکەری و میلیشیایی، کە لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک ئەنجام ئەدرێت و حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لێ دەپۆشێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 30-10-2017، چەند چەکدارێکی نەناسراو لە گەڕەکی خۆرسی قەزای داقوق، چەند چەکدارێک چونەتە سەر ماڵی ئەرکان شەریف، کامێرامانی کەناڵی کوردستان تیڤی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و تیرۆریان کردووە.

کاروان ئاکرێی بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی کوردستان TV بە میترۆی راگەیاند، زانیارییە سەرەتاییەکانی لای ئێمە ئەوەیە، کە چەند کەسێکی دەمامکدار چونەتە سەر ماڵی وێنەگرەکەمان و تیرۆریان کردووە. گوتی” ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی وردەکاری ئەو تاوانەین، کە بەرامبەر کارمەندەکەمان کراوە و پاشان زانیاری دروست بۆ رای گشتی رادەگەیەنین”.

بە پێی گوتەی چەند شایەتحاڵێک “ئەرکان بە حەربەی عەسکەری کوژراوە”. پاش رووداوەکە پۆلیسی نەھێشتنی تاوان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخات کە بە چەقۆ کوژرابێت.

ھەڵۆ جەباری، کەسی نزیک لە خێزانی قوربانیەکە و رۆژنامەنووسی کەناڵی کوردستان تیڤی لە کەرکوک بە میترۆی راگەیاند: شەوی رابردوو ھەشت چەکدار، کە خۆیان بە حەشدی شەعبی ناساندووە، چونەتە سەر ماڵی ئەرکان و لە ھاوسەر و مناڵەکانی جیانکردۆتەوە و لە ژورێکی ماڵەکەی خۆیدا بە چەقۆ کوژراوە. گوتی “ئێستا لە پزیشکی دادوەریە و زیاتر لە ٤٠ شوێنی چەقۆ لەسەر جەستەی دیارە”.

ئەرکان شەریف تەمەنی ٥٤ ساڵە و خێزاندارە و سێ منداڵی ھەیە و لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە وەک کامێرامانی کەناڵی کوردستان تیڤی زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک کاری کردووە.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت، تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس ئەرکان شەریف زنجیرەیەکە لە تاوانەکانی دەسەڵاتی عەسکەری و میلیشیایی کە لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک بەرامبەر خەڵکی مەدەنی ئەنجام ئەدرێت و حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لێ دەپۆشن.

میترۆ وێڕای سەرەخۆشی لە خێزان و ھاوکارانی لە کوردستان تیڤی ئەم تاوانە شەرمەزار دەکات و داوا لە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکات تیمەکانیان بنێرنە ناوچەکانی کەرکوک تا بە چاوی خۆیان قەبارەی ئەو تاوانانە ببینن کە میلیشیا و سوپای عێراق، بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل ئەنجامی دەدەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com