نوچەنێت
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركوک رایدەگەیەنێت، بەپێی رێككەوتنێكی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەو پۆلیس و ئەفسەرانەی بەهۆی رووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر لە کەرکوک و دەورووبەری ئاوارەبوون، دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.
لە 16 ی ئۆكتۆبەر حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێرشیان کردە سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و كۆنترۆڵیان كردن، بەو هۆیەشەوە بەشێكی زۆری خەڵك و هێزە ئەمنییەكان ئاوارە بوون.
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركوك بە “رووداو”ی راگەیاند: هەردوو وەزارەتی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر ئەوە رێككەوتوون، کە ئەو پۆلیس و ئەفسەرانەی لەماوەی رابردوودا لە سنووری كەركوك ئاوارەبوون، بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركوك هەر ئەمڕۆ 263 ئەفسەر و پۆلیسی سنووری كەركوك دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.
عەمید سەرحەد قادر ئاماژەی بەوەداوە، هەر ئەفسەر و پۆلیسێك چەك یان ئۆتۆمبێلی لەلا بووە، دەبێت لەگەڵ خۆیدا بیگەڕێنێتەوە سەر كارەكەی، ئەمەش هەمووی بەپێی رێككەوتنەکەی نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستانە.