نوچەنێت
ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان لەبارەی شەڕی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان فتوا دەدات و بەهەموو شێوەیەک شەڕ حەرام دەکات. دەشڵێت “هەر کەسێک بەهۆی بەرگریکردن لە خاکی خۆی بکوژرێت شەهیدە”.
د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان لە پەیامێکی چەند خاڵیدا داوا لە حکومەتی هەرێی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکات شەڕ رابگرن و دەست بە گفتوگۆی خێرا بکەن. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە شەڕ و خوێنڕشتن سوودی نییە و ئیرادەی گەلان بە شەڕکردن ناڕووخێت.
قەرەداغی سەرمەستبوون بە سەرکەوتنەکان بە رێگەخۆشکەر دادەنێت بۆ رشتنی خوێنی زیاتر لەنێو خەڵکی عێراقدا، کە خاوەنی ئایینی هاوبەش و رووبەڕووبوونەوەی هاوبەشی زوڵم و تیرۆرن.
لەبارەی حەرامکردنی شەڕیش رایگەیاند “وەک عەلی قەرەداغی، فتوای حەرامکردنی شەڕ دەدەم لەنێوان موسڵماناندا و پێویستە گفتوگۆ قبووڵبکرێت، تەنانەت ئەگەر بەرامبەر ئیسلامیش نەبێت، سووربوون لەسەر بژاردەی سەربازی لووتبەرزی و خۆبەگەورەزانینە، کە ئەمەش خودا قبووڵی ناکات”.
داواش لە مەرجەعییەت و زانایانی ئایینی و گەورەزاناکانی عێراق دەکات، رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ خامۆشکردنی ئەو ئاگرەی هەیە.
قەرەداغی رووی دەمی لە حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێت “لەسەر بنەمای دەستوور دەستپێشخەری هەولێر قبووڵبکەن، چونکە قبووڵکردنی گفتوگۆ، فەرزێکی شەرعی و نیشتیمانییە و رێگری لە خوێنڕشتن و وێرانکاری دەکات، هەر لایەنێکیش گفتوگۆ نەکات ئەوا لایەنی ستەمکارە، ئەوەشی گفتوگۆی قبووڵە و هێرشی دەکرێتەسەر، مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، ئەگەر هەرکەسێکیش لە بەرگریدا بکوژرێت ئەوا لە بەهەشتدایە و شەهیدە، ئەوەشی لەبەرامبەریدایە لە دۆزەخە”.
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، هەر لە پەیامەکەیدا داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات، هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆئەوەی هەردوولا رازیبکەن دەست بە دانوستاندن بکەن.
لەدوای هێرشی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، چەندجارێک شەڕ و پێکددان لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان روویدا و زیانی گیانی بەر هەردوولا کەوت.