بارزانی نامەیەک ئاراستەی پەرلەمان دەکات

0

نوچەنێت-ئاژانسەکان

بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەیەک ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکات و لە دانیشتنی رۆژی یەکشەممە 29-10-2017، بخوێندرێتەوە و گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

جەعفەر ئیبراهیم، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە 28-10-2017  نامەیەکی بۆ پەرلەمانی کوردستان ناردووە و لە دانیشتنی سبەی یەکشەممەشدا نامەکە دەخوێندرێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، نێوەڕۆکی نامەکەی بارزانی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانیەتی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەر سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتدا.

بەگوێرەی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، مەسعود بارزانی لە 12-5-2005 وەکو یەکەم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان ھەڵبژێردرا و سوێندی یاسایی خوارد.

دوای چوار ساڵ لە ھەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە 25-7-2009 مەسعود بارزانی (رێژەی  69.60%ـی  دەنگەکان) بەدەستبهێنێت و جارێکی دیکە بە سەرۆک ھەڵبژێردرایەوە، لە 20-8-2009 سوێندی یاسایی خوارد.

دوای رێککەوتنی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە 30 حوزەیرانی 2013  ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی بۆ ماوەی دوو ساڵ بە یاسا درێژکرایەوە، دواتر شاندێکی ھاوبەشی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی داوایان کرد یاساکە واژۆ بکات، بەڵام بارزانی یاساکەی نە رەتکردەوە، نە واژۆی لەسەر کرد.

لە ساڵی 2015 شدا بەهۆی شەڕی داعش لەلایەن ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستانەوە دوو ساڵی دیکەی بۆ درێژکرایەوە. لە 1-11-2017 دا دوو ساڵەکەی ئەنجومەنی شوورا تەواودەبێت، ئەمە لەکاتێکدایە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کورستان لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ 1-7-2018 دواخراون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com