گوڕان: ئامادەین بە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکە کێشەکان چارەسەر بکەین

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی چڤاتی گشتی گۆڕان رایدەگەیەنێت، حزبەکەی داواکردنی حکومەتی رزگاری نیشتمانی گۆڕیووە، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی، بە بەشداری سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و دەشڵێت “مەبەست لە پێکهێنانی ئەو حکومەتەش، بۆ دەربازبوونە، لەم بارودۆخەی ئێستا”.

دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و دڵنیابوون لەوەی هەڵبژاردن ناکرێت، گەرمترین باس لەلای بزووتنەوەی گۆڕان و هەندێك قەوارە، كە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادەكردبوو، حكومەتی رزگاری نیشتیمانییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی هەرێمی كوردستان تێیكەوتووە.

لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جەعفەر خەیات، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی هەنگاوەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی رایگەیاند: دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان ماوەکەی درێژکرایەوە، بزووتنەوەی گۆڕان داواکردنی حکومەتی رزگاری نیشتمانی گۆڕیووە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی، بە بەشداری سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان و گوتیشی “لەئێستادا ئەو پرسە لە گەڵاڵەکردندایە و نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، تائێستا بڕیارمان نەداوە سەردانی لایەنەکان بکەین یان پڕۆژەیان پێشکەش بکەین، یان بەیاننامە بڵاوبکەینەوە”.

ئەو ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، مەبەست لەپێکهێنانی حکومەتی کاتی، بۆ دەربازبوونە، لەو بارودۆخەی، کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە. هەروەها زەمینەسازی تەواو بکات، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەرنامەدابڕێژێت بۆ ئەوە لەگەڵ بەغدا، دراوسێکانمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، بگەینە چارەسەرێکی گونجاو.  

جەعفەر خەیات جەختی لەوەشکردەوە، ئەوان وەکو هێزێکی سیاسی مەدەنی، ئامادەن بە گفتوگۆ  لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان، بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە، کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆ کۆتاییهێنان بەم بارودۆخەی ئێستا، کە تێیکەوتووین.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com