نوچەنێت
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی شەڕی ئەمڕۆی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە رایگەیاند، هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرپەرشتی شەڕەکەیان کردووە.
لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 26-10-2017)ـی ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستاندا ناوی ئەو گروپانەی حەشدی شەعبی ئاشکراکراوە دژی پێشمەرگە شەڕیانکردووە، کە پێکهاتوون لە “کەتیبەکانی ئیمام عەلی، بزووتنەوەی نوجەبا، لیوای تەوافوق، لیوای حوسەین، فەیلەقی بەدر، لیوای ئەلعەباس، کەتیبەکانی جوندی ئیمام و بەرپەرچدانەوەی خێرا و ئەوانەش هەموویان لەژێر سەرپەرشتی هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس بەشدارییان لە شەڕەکەدا کردووە”.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی ئێران لە چوار قۆڵەوە لە باکووری رۆژئاوای موسڵ هێرشیان دەستپێکردووە، ئەوانیش بەردییە و حەمەد ئاغا بەرەو ئاراستەی عەین کوەیس، موشەرەف بە ئاراستەی سوفەییە، لە رەبیعەوە بەرەو مەحموودییە.
ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان دەڵێت “بەپێی زانیارییەکان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕەوە هێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی، ئەو چەکانەی کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕی دژی داعش بە عێراق دراون، ئەوەش دژی دەستووری عێراقە”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا زیانەکانی هێزە عێراقییەکان ئاشکرا کراوە و دەڵێت “پێشمەرگە بەشێوەیەکی قارەمانانە بەرپەرچی هێرشەکانی سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی سوپای پاسدارانی ئێران دایەوە و لە ئاکامدا سێ تانک، پێنج هامڤی و یەک باجەری دووژمن تێکشکان”.
ئەنجومەنی ئاسایش داوا دەکات، بەزووترین کات ئەو هێرشانە بوەستن و عێراق هێزەکانی بکشێنێتەوە، عێراق بۆ گفتوگۆ بگەڕێتەوە تاوەکو ناکۆکییە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن.