نوچەنێت
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی کشتوکاڵیدا بە خوددابینکاری گەیشتووە و پێویستی بە بەرهەمی هاوردەکراو نییە، داخستنی سنوورەکانیش زیانەکەی بۆ ئەو وڵاتانە زیاترە کە سنوورەکە دەگرن نەک بۆ ئێمە.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 26-10-2017)، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە، گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: ئەوەی لە توانیاندا بێت بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان، دەیکەن.
عەبدولستار مەجید ئاشکرایدەکات و دەڵێت “هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی کشتوکاڵیدا بە خوددابینکاری گەیشتووە و، پێویستی بە بەرهەمی هاوردەکراو نییە، لەگەڵ ئەوەش هاوردە هەر بەردەوامە، ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئارەزووەی لەسەر بەرهەمی هاوردەکراو هەیە”.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەشڵێت، ئەوان پرۆژەیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبووە، بۆ ئەو بەرهەمانەی لە هاویندا هەیانە و جەختدەکایەوە لەوەی “ئەگەر هاوکاریمان بکەن و بودجەیەکی شایستە دابین بکەن، ئەوا دەتوانین لەماوەی ساڵێک بۆ دوو ساڵدا، ئەو بەرهەمانەی لە هاویندا هەن لە زستانیشدا هەمانبێت، ئەوکاتە ئێمە بێمنەت دەبین، با هەر سنوور بگیرێت، هەرچەند سنوورگرتن زیانەکەی بۆ ئەو وڵاتانە زیاترە کە سنوورەکە دەگرن، نەوەکو بۆ ئێمە”.
عەبدولستار مەجید لە بارەی ئاوەوە گوتی “ئێستاش ئەگەر 16 بەنداو لە هەرێمی کوردستان دروستبکەین، بە ماوەی چەند ساڵێک، تاوەکو 50 ساڵی دیکەش پێویستمان بە ئاو نابێت ئەگەر بێت لە دەرەوە ئاومان بەسەردا بگیرێتەوە”.